كونسووڵی گشتی ئەمریكا : چاومان لەوەیە بەردەوامی بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەین
پەیامی کورد ... كونسووڵی گشتی ئەمریكا : چاومان لەوەیە بەردەوامی بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەین
كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ڕایگەیاند، وەبەرهێنانی ئێمە لێرە سەلمێنەری پەیوەندیمانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە هیچ كات هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە دهشڵێت، چاوەمان لەوەیە بەردەوامی بەم هاوبەشییەمان بدەین لەگەڵ ئەوانەی پێكەوە بەهای هاوبەشمان هەیە، بۆ پەرەپێدانی ئامانجە هاوبەشەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
مارك سترۆ، كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕێوڕهسمی نۆژەنكردنەوەی دەروازەی بادینان لە ئامێدی، ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهای هاوبەشمان هەیە و چاومان لەوەیە بەردەوامی بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەین و ئامانجەكانمان بەدیبهێنین.
كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بەفەرمی كردنەوەی دەروازەی بادینان جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە، ئەمریكا 750 هەزار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەم گەنجینە فەرهەنگییە و گەڕاندنەوەی بۆسەر شێوازە مەزنەكەی خۆی.
هەر لە بارەی دەروازەی بادینانەوە زیاتر ووتی: ئەوەی دەیبینن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەمارەتی بادینان هەندێك لە بەشەكانی دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی سێیەم، ئەمەش مێژووی دێرن و فرەچەشنی ئەم ناوچەیە دەسەلمێنێت، كە كریستیان، جوو، زەردەشتی و موسڵمان ئەوانی دیكەی بە ڕۆحی لێبوردەیی لە ئامێز گرتووە و تا ئێستاش وەك نموونە و ستاندەرێكی ناوچە ماوەتەوە.
ناوبراو لەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: وەبەرهێنانی ئێمە لێرە سەلمێنەری پەیوەندیمانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە هیچ كات هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە، ئێمە پابەندین بەم ناوچەیە و بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆین.
جەختی لەوە کردەوە، لەنزیكەوە لەگەڵ خاوەنكار و كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی پەروەردە و ئاسایش كاردەكەین بۆ دڵنیابوونەوە لە هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و ئارام و ئاسایش و دیموكرات هەبێت و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت، چاوەمان لەوەیە بەردەوامی بەم هاوبەشییەمان بدەین لەگەڵ ئەوانەی پێكەوە بەهای هاوبەشمان هەیە، بۆ پەرەپێدانی ئامانجە هاوبەشەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
مارك سترۆ، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، بیرۆكەی تووندڕەوی داعش دەیویست هەموو جێپێیەكی پێكەوەژیانی ئایینی بسڕێتەوە، دەروازەی بادینان ئەو شوێنەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆكێك بۆ سەدان ساڵی دیكە و هاوكار دەبێت لەوەی نەوەی داهاتوو ئەوەیان لەبیر بێت ئامێدی و ناوچەكە بە گشتی بۆ سەدان ساڵ شوێنێك بووە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و ئازادی و هەرواش دەمێنێتەوە.
ئەم بابەتە 54542 جار خوێندراوەتەوە