لقی یەکی پارتی لە دھۆک گەورەترین پڕۆژەی خێرخوازی لە بواری تەندرووستی ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... لقی یەکی پارتی لە دھۆک گەورەترین پڕۆژەی خێرخوازی لە بواری تەندرووستی ڕاگەیاند
بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک پڕۆژەیەکی خێرخوازی بەناوی بەھاری خێر و دلۆڤانی ڕاگەیاند کە لە کەرتی تەندروستی دکتۆر و ھەموو بوارەکانی دیکەی کەرتی تەندرووستی داشکاندن بۆ نەخۆشەکان دەکەن.
دکتۆر نەوزاد عەبدۆڵڵا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: ئەمڕۆ وەکو لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گەورەترین پڕۆژەی خێرخوازی لە بواری تەندرووستی ڕادەگەێنین، ژمارەیەکی زۆری دکتۆر و بوارەکانی دیکەی تەندرووستی بە دەم بانگەوازی ئێمەوە ھاتوون و بەشداری دەکەن لە پڕۆژەکەمان بەناوی پڕۆژەی (بەھاری خێر ودلۆڤانی) کە خێرێکی گەورەیە کەرتی تەندرووستی دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی داھاتوو کەرتی دیکەش ڕادەگەینین، چونکە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان گەورەترین شانازییە بۆ ئێمە، ئەمڕۆ ئەو پڕۆژەیە ڕادەگەینین، چوونکە خزمەتی ئێوە لە ماوەی ڕابردوو جێگەی شانازییە و ھەمیشە لەگەڵ قۆناغەکان خۆتان گونجاندووە و بەردەوام کەرتی تەندرووستی لەپێشکەوتن دایە، بۆیە ھیوادارم ھەمووان پێکەوە ببینە خزمەتکاری گەل و وڵاتی خۆمان.
دکتۆر نەوزاد عەبدۆڵڵا ووتیشی: دکتۆرەکان لە شەڕی داعش و چارەسەری برینداران وەکوو پێشمەرگەیەک ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو، لە بومەلەرزەی تورکیا بە ھەمان شێوە ڕۆڵێکی گەورەتان ھەبووە و ھەمیشە لە ھەموو قۆناغێک وەکوو پێشمەرگەیەک وەستاون، بۆیە ھەموو ژیانی ئێوە لە خزمەت مرۆڤایەتی دابووە بۆ خزمەتکردنی گەل و وڵات، بۆیە ئەمە خاڵێکی گرنگە لەناو کۆمەڵگا و سوپاسی ئێوە دەکەین و دەستخۆشیتان لێ دەکەین.
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: جگە لەوەش ئاوارەیەکی زۆر ھەیە دکتۆرەکان لەجیاتی چوار کاتژمێر ھەشت کاتژمێر کار دەکەن، ئەمەش لەسەر حیسابی ژیانی ئێوەیە، بۆیە سوپاسی ماندوبوونی ئێوە دەکەین دھۆک ھەمیشە وەکو شارێکی ئارام لە پێشەوەی شارەکانی دیکە دایە.
ووتیشی: ئەو دەستپێشخەریەی لقی یەک کە ئێوە جێبەجێتان کردووە بەشدارییەکی زۆری تێدا کراوە، ، بۆیە داوا لە ھەموو دکتۆر و کەرتی تەندرووستی دەکەین ئەوانەی ماویشن بەشداربن لەو پڕۆژەیە و بەشداری لەو خێرە گەورەیە بکەن، بۆیە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر بەشدارییان تێدا کردووە، لەوانە ١٠ نەخۆشخانەی تایبەت و ٢٢٢ دکتۆر، ھەر یەکێک لەوانە لە مانگی ڕەمەزان لە پلیتی خۆی پێنج ھەزار دینار کەمدەکاتەوە، دکتۆری ددانیش ٣٨ دکتۆر لە سەرجەمی کاری خۆیان ڕۆژانە داشکاندن بە ڕێژەی ٢٥%دەکەن، دکتۆرەکانی تیشک و سۆناریش ژمارەیان ١٥ دکتۆرە، ئەوانیش بۆ ھەر پلیتێک پێنج ھەزار دینار کەم دەکەنەوە، شوێنی تیشک ھەشت شوێنە ئەوانیش ٢٥% داشکاندن بۆ ھەر نەخۆشێک دەکەن، ٤٢ دەرمانخانە بە ڕێژەی ١٠% داشکاندن بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن دەرمان دەکڕن و ٣٠ تاقیگەش بە ڕێژەی ٢٥% داشکاندن دەکەن، شوێنی کارمەندی تەندرووستی ٣٨ شوێنە ئەوانیش ٢٥% داشکاندن دەکەن.
ھیوادارین ھەموو خەڵک تەندرووست بێت، بەڵام ئەگەر پێویستی پێ ھەبوو دەتوانن سەردانی ئەو شوێنە بکەن بۆ ئەوەی سوود لەو پڕۆژە خێرخوازییە وەربگرن.
ئەم بابەتە 11403 جار خوێندراوەتەوە