له زاخۆ مووڵه‌ت به 51 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان دراوه
پەیامی کورد ... له زاخۆ مووڵه‌ت به 51 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان دراوه
له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ تا ئێستا مووڵه‌ت به 51 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان دراوه، به‌ڕێوبه‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی ئیداره‌كه‌ش ده‌ڵێ: به‌شێك له پڕۆژه‌كان ستراتیژین.
جگه‌رخوێن تاهیر، به‌ڕێوبه‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی زاخۆ ڕایگه‌یاند: له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان تا ئێستا51 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان به سه‌رمایه‌ی یه‌ك ملیار و 83 ملیۆن دۆلار مووڵەتیان پێ دراوە، ته‌نیا له سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رمایه‌ی 173 ملیۆن دۆلار مووڵه‌ت به 23 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دراوە.
به‌ڕێوبه‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ووتیشی: له سه‌رده‌می بەئیداره‌بوونی زاخۆ 13 پڕۆژه به سه‌رمایه‌ی 83 ملیۆن دۆلار مووڵه‌تیان وه‌رگرتوه، به‌شێك له پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له زاخۆ پڕۆژه‌ی ستراتیژین و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئابووری ئیداره‌كه هه‌یه.
جگه‌رخوێن تاهیر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: پشكی شێری پڕۆژه‌كان به‌ر كه‌رته‌كانی گه‌شتوگوزار، پیشه‌سازی و بازرگانی كه‌وتووە، ژماره‌یه‌ك پڕۆپۆزه‌ل بۆ وه‌رگرتنی مووڵه‌ت پێشكه‌شی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی وه‌به‌رهێنانی زاخۆ كراون و دوای پێداچوونه‌وه و گرتنه‌به‌ری ڕێكاره یاسایی و كارگێڕییه‌كان مووڵه‌تیان پێ ده‌درێت.
ئەم بابەتە 58966 جار خوێندراوەتەوە