لیندا تۆماس : داوای جێبه‌جێكردنی پێشنیازی ووڵاته‌كه‌مان دەکەین

پەیامی کورد    ...   لیندا تۆماس : داوای جێبه‌جێكردنی پێشنیازی ووڵاته‌كه‌مان دەکەین

 لیندا تۆماس گرینفیڵد نوێنه‌ری ئه‌مریكی له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل ڕازی بوه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی پێشنیازكراوی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین حه‌ماسیش ڕازی بێت به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و توانای ئه‌وه‌مان نییه‌ تا كاتێكی نادیار چاوه‌ڕوانی بكه‌ین.
لە میانەی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌مشه‌و نوێنه‌ری ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان داوای له‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كرد كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ قبووڵ بكات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاگربه‌ست، هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌ردوولا كرد به‌بێ مه‌رج رێكاره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ر دانووستانه‌كان زیاتر له‌ شه‌ش هه‌فته‌ بخاێنن، ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌موو ووڵاتانی ناو ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ش ده‌یانه‌وێت ئاگربه‌ست و ئازادكردنی بارمته‌كان ببینن".

 لیندا تۆماس گرینفیڵد باسی له‌ خراپی بارودۆخی مرۆیی كه‌رتی غه‌ززه‌ كرد و ووتی، "خێزانه‌كان له‌ غه‌ززه‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی خۆراك و ده‌رمان ده‌ده‌ن و له‌دۆخێكی مرۆیی خراپدان".
ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی پێشنیاركراوه‌ ئێستا داواكارییه‌كانی ئیسرائیل به‌دی ده‌هێنێت و ڕێگه‌ به‌ چونه‌ ژوره‌وه‌ی هاوكارییه‌كان ده‌دات بۆ غه‌ززه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "بارودۆخی مرۆیی له‌ غه‌ززه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات".
 لیندا تۆماس گرینفیڵد ده‌شڵێت، "ئه‌مریكا داوا له‌ ئیسرائیل ده‌كات هه‌موو ڕێوشوێنێك بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ غه‌ززه‌ بگرێته‌به‌ر".


ئەم بابەتە 35497 جار خوێندراوەتەوە