لیندسی گراهام : من لەگەڵ ئەوەدام کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

پەیامی کورد   ...  لیندسی گراهام : من لەگەڵ ئەوەدام کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکی لە کارۆلینای باشوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ باسی لە بیرۆکەی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئێران کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، بە پشت بەستن بە هەندێک سەرچاوەی گرینگ، لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لە کارۆلینای باشوور، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ سەبارەت بە بیرۆکەی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پشتیوانی ئەمریکا بۆی قسەی کرد.
گراهام کە بە هەڵوێستی لایەنگری ئیسرائیل و دژە ئێران ناسراوە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ووتی: پرسیارەکە ئەوەیە، ئێستا ئەمریکا دەبێت چی بکات سەبارەت بە ئێران؟ ئیدارەی ترامپ بەم زووانە دەبێت بڕیارێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدات. لەم ڕووەوە دوو ڕێگا هەیە؛ ڕێگایەکی سەربازی کە تێیدا یارمەتی ئیسرائیل دەدەین گورزێکی یەکلاکەرەوە لە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بدات. دەبێت بڵێم کە من ئەم بژاردەیەم پێ باشترە. ڕێگای دووەم دانووستانە لەگەڵ ئێران، هەوڵدان بۆ ناچارکردنیان بۆ دەست بەرداربوون لە ئامانجە ئەتۆمییەکانیان. ئەگەر ئەم ڕێگایە هەڵبژێردرا، پێویستە کات سنووردار بێت. "پێویستە خشتەی کاتی دیاریکراو لەم بارەیەوە پەسەند بکرێت".

ئەم وتانەی بەڕێز گراهام لە کاتێکدا بوو کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ووتی : لەژێر فشار و هەڕەشەدا لەگەڵ هیچ کەسێک دانووستان ناکەین.

سەید عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، "بەڵگە واژووکراوەکە بەناونیشانی یاداشتنامەی سەرۆکایەتی ئەمریکا تەواو گێڕانەوەیە و ئەو ڕێنماییانەی کە بە وەزارەتە جیاوازەکانی ئەمریکا دراوە بۆ ئەوەی زۆرترین فشار لە دژی ئێران بکەن، تەواو ڕوونن". سیاسەتی زۆرترین فشار هەرگیز لە دژی ئێران کاری نەکردووە و ئێمەش هەرگیز ڕادەستی هەڕەشەکان نەبووین. نەتەوەی ئێران هەمیشە بەرگری لە کەرامەت و شەرەفی خۆی کردووە و ئەو بڕیارنامانەی کە لە دژی ئێران سەپێندراون هەرگیز کاریگەر نەبوون. "ئەگەر بە ڕێز و کەرامەتەوە قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، ووڵامدانەوەکە لە هەمان چوارچێوەدا دەبێت".


ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە