لێبوردنی نێودەوڵەتی : دەبێت شەریفە محەممەدی دەست بەجێ ئازاد بکرێت

پەیامی کورد    ...   لێبوردنی نێودەوڵەتی : دەبێت شەریفە محەممەدی دەست بەجێ ئازاد بکرێت

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٢٠٢٥، خوازیاری هەنگاوی بەپەلەی جیهانی بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی داكۆكاری مافی مرۆڤ لە ئێران بوو.

ئەو ڕێکخراوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە شەریفە محەممەدی دوای دادگایییەکی نادادپەروەرانە لە دادگای ئینقلاب دا جارێکی دیکە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا مەترسی جێبەجێکردنی دەست بەجێی ئەو حوکمە ناڕەوایەی لەسەرە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەم حوکمە و ئازادکردنی بێ مەرجی شەریفە محەممەدی زیاتر بكەن.

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا دەرچووە کە دامودەزگاکانی قەزایی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکوتی خۆیان لە دژی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی ژنان و دژبەرانی حکوومەت چڕتر کردووەتەوە و لە لە سێدارەدانیش وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕازییەکان كەڵك وەردەگرێت.
 


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە