لێدوانێك لە ووتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ەوە
پەیامی کورد ... لێدوانێك لە ووتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ەوە
مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەێندراوێکی سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجەیی کەرکووک بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەێندراوەکەی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجەیی کەرکووک، ئێمە ھەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان ھەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد. لەو کاتەوە ھەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە کەرکووک ھەموو لایەک بگەنە ئەنجام و چارەسەرێکی گونجاو، چوونکە دۆخی کەرکوک دۆخێکی ئیستسنائییە و چارەسەرەکەشی دەبێ چارەسەرێکی بێ وێنە بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ئەو شارەدا بێت.
لە درێژەی ئەو ھەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و تورکمانەکان چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا کە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و تورکمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەرەکان بە ئاراستەی ڕەچاوکردنی مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک و لە چوارچێوەی تەوافوق و کۆدەنگی نیشتیمانیدا بێت و ھەموو لایەک لەسەر ئەوە ھاوڕا بوون کە نابێ ئەزموونەکانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆکیش ئەوە بوو کە بۆ دڵنیایی ھەموو لایەک پارێزگارێکی کورد و بێلایەن دیاری بکرێت کە لە لایەن ھەموو لایەنە براوەکان پەسەند بێت.
لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەکان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی (ثلاثی) بێت. ئەوە بوو ھەر لایەک داوای دەکرد کە پێویستە بۆ یەکەم کەڕەت پارێزگار لە پێکھاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆکیش پێداگر بوو لەوەی کە دەبێ بۆ یەکەم جار پارێزگار کەسێکی کورد بێت. ھەروەھا سەرۆک بارزانیش داوای لێیان کرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین کە بۆ جاری یەکەم پارێزگار لە کوردێکی بێلایەن بێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەکیتی نیشتیمانی ڕێک بکەون، کەچی ھەر ھەموویان ڕەتیان کردەوە لەگەڵ یەکیتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێک بکەون. لەدوای ئەوە چەندین کۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، ھەرچەندە ھەموو جاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریکردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی ھەوڵ و نێوەندگیریەکانی بەڕێز سوودانی دەکرا چونکە دۆسیەکە لەدەستی ئەودا بوو و ھەوڵێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەرکووک دابوو.
ئەوەشی لە ڕۆژی ١٠ی ئاب لە ھۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجەیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی ھەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی ھەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نیە. پێمانوایە ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک.
چارەسەرکردن و نەھێشتنی کێشەکانی ئەو شارە و سارێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاری سیاسی ناکرێن. چارەسەر ئەوەیە تاکڕۆیی نەکرێت و ھەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و ھەموو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشداربن.
مەحموود محەممەد
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢-٠٨-٢٠٢٤
ئەم بابەتە 11838 جار خوێندراوەتەوە