لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی بەلەمەكەی پەنابەران دەكرێت

پەیامی کورد   ...   لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی بەلەمەكەی پەنابەران دەكرێت

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بەلەمێکی پەنابەران لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا دەکات.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی نغرۆبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەنارئاوەکانی ووڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە.

هاوکات دەڵێت: لەنێو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوونە، کە تا ئێستا ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان نادیارە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم وێرای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.

لە ڕاگەێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە پەیوەندییان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کردووە و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کردووە.


ئەم بابەتە 31701 جار خوێندراوەتەوە