لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بڕیارێکی گرینگ لە قازانجی گشتی دەردەکرێت
پەیامی کورد ... لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بڕیارێکی گرینگ لە قازانجی گشتی دەردەکرێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سوودمەندانی پرۆژەکانی قەرزی بچووک دەرکرد و بڕیاریدا لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20%ـی كۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك بکرێت.
ڕۆژی دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایهتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووك دەردەكرێت.
لە ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هاتووە: وەكوو ئاشكرایە، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ڕۆژی چوارشەممە 27/3/2024، كۆمەڵێك بڕیاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەركرد، بەڵام سەرەڕای لێخۆشبوون لە هەندێك قەرزی وەكو ئاو، كارەبا، سزای هاتووچۆ و هتد. لای خۆمانەوە وەكو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ خزمەتی سوودمەندانی سندووقی قەرزی بچووک، كوێستان موحەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەڕێوبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی ڕاسپارد بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تێر و تەسەل و بەزووترین ماوە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەشی بكات و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، خۆشبەختانە دوای گەنگەشەكردنی بابەتی لێخۆشبوون لە سوودمەدانی قەرزی بچووك بڕیاری لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە كۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پێدانی قەرزی بچووك دەركرا.
بەپێی فەرمانەکە کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزای کردووە، تێیدا هاتووە: بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی قەرزی بچووک.
لە خاڵێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە: ڕاسپاردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی قەرزی بچووک کە پرۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بە هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
هەروەها لە خاڵی سێیەم و چوارەمدا هاتووە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوونەکە دەردەکات و هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بە جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە پابەند کراون.
ئەم بابەتە 28866 جار خوێندراوەتەوە