لەمەودوا لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق کورد پشکی دەبێت

پەیامی کورد   ...   لەمەودوا لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق کورد پشکی دەبێت

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند : بە ھەوڵی سوپاسالاری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمەودوا کورد لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق پشکی دەبێت کە ئەمە پێشتر نەبووە و ئێستا ئەو بڕیارە دەرچووە.

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، ڕایگەیاند : لە عێرا ق بڕیار دراوە لە ھەموو کۆلێژەکانی سەربازی بەشێک لە قوتابیانی کورد وەربگیرێن کە لە کۆلیژی پۆلیس و سەربازی یەک و دوو لەگەڵ کۆلێژی بەرگری نیشتمانی و سەرۆکایەتی ئەرکان پێکدێن، شایانی باسە ئەمە یەکەم جارە ٢٠ قوتابی کورد لەو کۆلێژە وەربگیرێ، بۆیە ھەر کۆلیژێک ھەبێت قوتابی وەربگرێت پشکی کوردی بەپێی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تێدا دیاری دەکرێت.

لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت ووتیشی: پێشتر لە عێراق ئەو بڕیارە نەبوو، بەڵام بە ھەوڵی سەرەکی فەریق عیسا عوزێر سوپاسالاری پێشمەرگە، توانرا ئەو بڕیارە بدرێت،  لەمەودوا ساڵانە لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکان ڕێژەیەک لە قوتابییانی کورد وەردەگیرێن، ئەمەش ھەنگاوێکی گرینگە و دەستکەوتێکی باشە بۆ ئەوەی کوردیش لە ھەموو جومگەکانی سەربازی هەبێت.


ئەم بابەتە 14875 جار خوێندراوەتەوە