لەڕێگەی چەندین پڕۆژە سوود لەئاوی ئاوەڕۆوەکان وەردەگیرێت

پەیامی کورد    ...   لەڕێگەی چەندین پڕۆژە سوود لەئاوی ئاوەڕۆوەکان وەردەگیرێت

بەڕێوبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : ١٧ پڕۆژەمان ھەن بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی ئاوەڕۆوەکان وەربگرین و دووبارە بەکاری بێنینەوە و زیان بە ژینگە نەگات، بۆیە بڕیارە بەم نزیکانە لە ھەولێر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت. 

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند :  ئێستا پڕۆژەیەکمان لە ھەولێر ھەیە لەسەر قەرزی ژاپۆنی _ ڕێکخراوی جائیکا، بڕیارە جێبەجێ بکرێت، جارێک کرایە تەندەر بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا جارێکی دیکە دەکرێتەوە تەندەر و دەدرێتە کۆمپانیا و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، ئەو پڕۆژەیە بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە بە قۆناغ ھەموو ئاوی ھەولێر لەڕێگەی پڕۆژەی ڕیسایکلین دووبارە پاکبکرێتەوە و بۆ کشتوکاڵ و سەوزایی وکەرتی پیشەسازی بەکار بھێندرێتەوە، بۆ ئەوەی زیان بە ژینگە و کشت وکاڵیش نەگەینێت چوونکە لە زۆر شوێن ئاوی ئاوەڕۆ بۆ کشتوکاڵ بەکار دەھێندرێت. 

ئاری ئەحمەد ووتیشی: جگە لەوە ١٦ پڕۆژەی دیکەمان ھەیە وەکوو پلان بۆ ئەوەی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ئەو ئاوەڕۆیانەی ڕاستەوخۆ دەچنە ناو ڕووبارەکان پڕۆژەیان بۆ ئەنجام بدرێت و ئاوەکە پاکبکرێتەوە و بۆ کشتوکاڵ و سەوزایی سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام بوودجەی زۆری پێویستە و چاوەڕێی دابینکردنی بوودجە دەکەین بۆ جێبەجێکرنیان. 

ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ئەو پڕۆژەیە، لە قۆناغی یەکەم یەک لەسەر ھەشتی ھەولێر دەگرێتەوە، دواتر بە قۆناغ کاری لەسەر دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ھەموو ھەولێر دەگرێتەوە، بەڵام پێویستە بە قۆناغ ئەنجام بدرێت و بە یەکجار ناکرێت، چوونکە ئاوەکە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی پاک دەکرێتەوە و دووبارە بەکار دەھێندرێتەوە .. بوودجەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ٢١٠ ملیۆن دۆلارە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. 


ئەم بابەتە 23493 جار خوێندراوەتەوە