لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێک لە نەیجیریا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا

پەیامی کورد   ...   لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێک لە نەیجیریا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا

بۆلا تینوبو سەرۆکی نەیجیریا ڕایگەیاند، بەلەمێکی جووتیارانی هەڵگری لە ڕووبارێک لە باکووری ڕۆژئاوای ووڵاتەکە وەرگەڕا و بەهۆیەوە لانیکەم 40 کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئەی بی سی"، تینۆبو لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، ڕووداوەکە لە ویلایەتی زامفەرا ڕوویداوە کاتێک جووتیاران بەمەبەستی کارکردن بەرەو کێڵگەکان ڕۆیشتن.

سەرۆکی ووڵاتی نەیجیریا بەڵێنی دا پشتگیری لە قوربانییەکان بکات و فەرمانی بە یەکەکانی فریاگوزاری کرد کە هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکە بکەن.

یەزید ئەبوبەکر، ووتەبێژی پۆلیسی زامفەرا بە ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێسی ڕاگەیاند، لە ڕووداوەکەدا پێنج کەس ڕزگارکراون، بەڵام تا ئێستا 40 کەس بێسەروشوێنن. هێشتا نازانرێت لە کاتی وەرگەڕانی بەلەمەکەدا چەند کەس لەناو بەلەمەکەدا بوون.

بەلەمەکە زیاتر جووتیارانی هەڵگرتبوو کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو پەڕینەوەیە بەکاردەهێنن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا، خەڵکی ناوچەکەش ڕایانگەیاندووە کە بەلەمەکان زۆرجار سەرنشینی زیاتر لە توانای خۆیان هەڵدەگرن.

ویلایەتی زامفارە بەدەست گروپە چەکدارەکانەوە دەناڵێنێت کە بەشداری ڕفاندن و زەوتکردن دەکەن، هەروەها کانگاکردنی نایاسایی.

ڕووداوەکانی ئاو وەک وەرگەڕانی بەلەمەکان لە ناوچە دوورەکان لە سەرانسەری نەیجیریادا باون بەهۆی بارانبارینی زۆر و دۆخی ناستانداردی بەلەمەکانەوە.

لە مانگی ئابی ئەمساڵدا زیاتر لە 20 کەس لە ڕووداوێکی وەرگەڕانی بەلەمێکدا لە ڕووبارێک لە باشووری نەیجیریا گیانیان لەدەستدا.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن زۆربەی ئەو بەلەمانەی سەرنشین هەڵدەگرن چاکەتی ڕزگارکەریان نییە یان ڕێوشوێنی سەلامەتی پێویستیان نییە.


ئەم بابەتە 62615 جار خوێندراوەتەوە