لە دھۆک ٨٢%ی دەنگدەران خۆیان تۆمار کردووە
پەیامی کورد ... لە دھۆک ٨٢%ی دەنگدەران خۆیان تۆمار کردووە
بەڕێوبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ : ڕێژەی بەشداری لە بایۆمەتری دەنگدەران بەرزە و تا ئێستا ٨٢%ی دەنگدەران خۆیان تۆمارکردووە، شەش ڕۆژیش ماوە بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران و دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن.
خالید عەباس، بەرپرسی ئوفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند : لە سنووری پارێزگای دھۆک ٨٨٧ ھەزار کەس بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتری دەنگدان نەکردبوو، ئەوانیش دوو جۆرن دەنگدەرانی پێشوو و لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا ٢٠ ڕۆژی دیار کردووە بۆ ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە پێویستە تا ٢٠ی شوبات ھەموو دەنگدەرێک خۆی تۆمار بکات.
بەرپرسەکەی ئوفیسی دھۆک ووتیشی : لە سنووری پارێزگای دھۆک لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەر خۆیان تۆمار کردووە و ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە ٨٢%، ئەمەیش ڕێژەیەکی کەم نییە، ھێشتا شەش ڕۆژیش ماوە، ھەر کەسێک دەیەوێ خۆی تۆمار بکات و بەشداری بایۆمەتری بکات ئەوە دەتوانێت لەو ماوەیەی بەردەستە سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن و تیمەکانی بایۆمەتری بکات.
خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئوفیسی دھۆک بە ھەوڵی کارمەندەکانی توانیویەتی ١٢٣ تیم دروست بکات و سەردانی شوێنە گشتییەکان بکات و خەڵک تۆمار بکات، چوونکە بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن ھەر دەنگدەرێک خۆی تۆمار نەکات ناتوانێت بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.
ئەم بابەتە 12150 جار خوێندراوەتەوە