لە ناحیەی دێرەلۆک چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... لە ناحیەی دێرەلۆک چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن
بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەھۆی ھەڵکەوتەی ناوچەکە بۆ پڕۆژەکانی گەشتوگوزار بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتوگوزاری لە سنووری شارەدێی دێرەلۆک جێبەجێ بکرێن کە کاریگەرییان لەسەر ھەلی کار و ئاوەدانی سنوورەکە دەبێت.
ڕێبەر سادق، بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلۆک ڕایگەیاند: سنووری ناحیەی دێرەلۆک بەھۆی ئەو سرووشتەکەی شوێنی زۆر گونجاوی بۆ پڕۆژەکانی گەشتوگوزار ھەیە، ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، لەبەر ئەوەیش بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی بخرێنە بواری جێبەجێکردن کە ھەندێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی ستراتیژین.
بەڕێوبەری ناحیەی دێرەلۆک ووتیشی : حکوومەت ھەموو ئاسانکاریەک بۆ کەرتی تایبەت دەکات لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆژەکان و بڕیارە لە بانی چەلکێ پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری بخرێتە بوار جێبەجێکردن، ھەروەھا لە سەنتەری ناحیە پارکێکی سەردەمیانە درووست دەکرێت، هاوکات چەندین پڕۆژەی دیکەی کەرتی گەشتوگوزار لە پلاندان بۆ جێبەجێکردن.
ڕێبەر سادق ڕوونیکردەوە: ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە دێرەلۆک کاریگەری لەسەر ڕەوشی گەشتوگوزار دەبێت و ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێ، ھەروەھا ھاتنی ڕێژەی گەشتیاریش بۆ ناحیەکە زیاد دەکات کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بەمەبەستی گەشت و گوزار سەردانی دێرەلۆک دەکەن.
ئەم بابەتە 12048 جار خوێندراوەتەوە