لە هێرشێکی تێرۆریستی لە فەڕەنسا کەسێک کوژراو ٥ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون

پەیامی کورد   ...   لە هێرشێکی تێرۆریستی لە فەڕەنسا کەسێک کوژراو ٥ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، ئێوارەی دوێنێ پیاوێکی تەمەن 37 ساڵ کە ناوی لە لیستی چاودێری تیرۆردا بووە، لە کاتی خۆپیشاندانێکدا لە شاری مەلهاوس-ی رۆژهەڵاتی فەڕەنسا بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و پێنج پۆلیسیش بریندار بوون.

نیکۆلاس هیتز، داواکاری گشتی فەڕەنسا لە شوێنی ڕووداوەكەوە رایگەیاند، "لە شاری مەلهاوس کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی، كە بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک کوژرا و  پێنج پۆلیسیش بریندار بوون".

ئاماژەی بەوەشكرد، دو لە پۆلیسەكان برینەکانیان سەختە و یەکێکیان چەقۆکە بەر سنگی کەوتووە، ئەوەی دیکەش بەر یەکێک لە خوێنبەرەکانی، بەڵام سێ ئەفسەری دیکەی پۆلیسی شارەوانییەکان برینەکانیان سووکە.

لای خۆیەوە میشێل لوتز، سەرۆک شارەوانی شاری مەلهاوس لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "ترس باڵی بەسەر شارەکەماندا کێشاوە. ڕووداوەکە وەکوو هێرشێکی تیرۆریستی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت دەسەڵاتی دادوەری پستڕاستیبکاتەوە کە تیرۆریستییە."

بە گوێرەی پۆلیس، ڕووداوەکە کاتژمێر 4:00ـی دوانیوەرۆ بەکاتی فەرەنسا ڕوویداوە و بەگوێرەی میدیای فەڕەنسا، گومانلێکراوی هێرشەکە خەڵکی جەزائیرە و لەژێر چاودێری و دەستبەسەری لە ماڵەکەیدا بوە. 

دوای ڕووداوەکە پۆلیس هێرشبەرەكەی دەستگیرکردوە و لێکۆڵینەوە سەرەتایی یەکان دەڵێن، "تۆمەتبارەکە ناوی لەنێو لیستی خۆپاراستن لە تیرۆر (FSPRT) هەبوو". 


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە