لە واشینتۆن فوئاد حسێن و برێت مەکگۆرک پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان تاوتوێ کرد
پەیامی کورد ... لە واشینتۆن فوئاد حسێن و برێت مەکگۆرک پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان تاوتوێ کرد
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن و ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، برێت مەکگۆرک لە واشینتۆن کۆبوونەوە و لە میانەدا، لێکەوتەکانی شەڕی سەر غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە برێت مەکگۆرک لە نووسینگەکەی خۆی لە واشیتنۆن پێشوازی کردووە لە فوئاد حوسێن.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو ڕۆڵە گرینگەی کە عێراق لە ناوچەکە دەیگێرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ھەرێمی و کاریگەرییەکەی لەسەر عێراق، کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتەکانی شەڕی غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا، خراونەتە بەرباس.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی22ی ئەم مانگە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیران موحەممەد شیاع سوودانی لە میانی مانگی داهاتوودا و لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەردانی ئەمریکا دەکات
ئەم بابەتە 10261 جار خوێندراوەتەوە