لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یەکەمین یادی بیرەوەری ھەژار موکریانی لە ھەولێر بەڕێوەچوو
پەیامی کورد ... لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یەکەمین یادی بیرەوەری ھەژار موکریانی لە ھەولێر بەڕێوەچوو
لە بیرەوەری کۆچی دوایی ھەژار موکریانی و ڕۆژی زمانی دایک، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و خەبات و ھزری زمانناس و نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد ھەژار موکریانی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی بەرێوەچوو.
ڕۆژی شەممە ٢٢ـی ٢ـی ٢٠٢٥ لە ھوڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری (سەرۆک بارزانی)، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و، مەحموود محەممەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و تەھا بەرواری نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئاریان سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەت و پارێزگاری ھەولێر و (خانی ھەژار موکریانی) کوڕی مامۆستا ھەژار موکریانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی لە ھەر چوار پارچەری کوردستان، یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی بە ناونیشانی (ھەژار و زمان) لە ھەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە مارشی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانی و کاکە ئیدریسی)ی ھەمیشە لەیاد دەستیپێکرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرھێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، باسی مێژووی دیاریکردنی ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕێگەی خەباتی بەنگالییەکانەوە کرد و گوتی: "خەباتی بەنگالییەکان کە لە زمانەوە دەستیپێکرد و گەیشتە سەربەخۆیی، ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە ڕاستە زمانەکەمان لە مەترسیدا نییە، وانەیەکی گرینگە بۆ گەیشتن بە ئامانج و، ھەر لە ڕاپەڕین و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا پرسی زمان پرسی سەرەکی حکوومەت بووە و خوێندن بە زمانی دایکی گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینەوە".
ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە