لە گوێڕ ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ جێبەجێ دەکرێن

پەیامی کورد   ...   لە گوێڕ ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری دەڤەری گوێڕ جێبەجێ دەکرێن. 

مەسعوود نووری، بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ ڕایگەیاند: بە گوژمەی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پڕۆژەیەکی گەورەی ڕێگاوبان لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت و ڕێگای یازدە گوندی سنوورەکە چاک دەکرێت، دوو قوتابخانەش لە ناوەندی ناحیە لەسەر قەرزی وڵاتی چین دروست دەکرێن، دوو پڕۆژەی دیکەی ڕێگاوبانیش جێبەجێ دەکرێن. 

بەڕێوبەری شارەدێی گوێڕ دەشڵێت : بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار پڕۆژەی دیکەش پێشکەش کراون، دوای گەڕانەوەی ڕەزامەندی، ئەوانیش دەچنە بواری جێبەجێکردن، سوپاسی سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا کە ھاوکاری کردووین. 

لەبارەی دامەزراندنی ھاووڵاتییانی دەڤەری گوێڕیش مەسعوود نووری ڕوونی کردەوە: بڕیارە ١٧ ھەزار فەرمانبەر لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دابمەزرێن کە ١٥٧ فەرمانبەر لە سنووری ناحیەی گوێڕ دەبن و میلاکی فەرمانگەکانی سنوورەکە پڕ دەکەنەوە، بۆیە خەڵک دەتوانێت داواکاری بۆ دامەزراندن پێشکەش بکات. 


ئەم بابەتە 14632 جار خوێندراوەتەوە