لە ھەرێمی کوردستان ٢٥ تیمی بیانی لە بواری شوێنەواری کار دەکەن
پەیامی کورد ... لە ھەرێمی کوردستان ٢٥ تیمی بیانی لە بواری شوێنەواری کار دەکەن
بەڕێوبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥ تیمی بیانی کاری شوێنەواری دەکەن، کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان خاوەن زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەوارییە و بەردەوامیش تیمی تازە دێن بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان لە بواری شوێنەواری کار بکەن و ئێمەش گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین.
محەممەد لەشکری، بەڕێوبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، دوو فاکتەر وایان کردووە تیمی ووڵاتانی بیانی بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری شوێنەواریدا کار بکەن، یەکەم پێشتر ڕژێمەکانی پێشوو ڕێگرییان دەکرد ئەو تیمە بیانی یانە بێن کار بکەن و ئەوانەی ھاتبوون پێشتر زۆر کەم بوون و کارێکی کەمیان کردبوو، فاکتەری دووەمیش ئەوەیە، سیاسەتی ناوچەکە دوای ڕووخانی ڕژێمەکان گۆڕاوە و ئەو تیمانەی ئەورووپاو ئەمریکا لە عێراق و سووریا بوون بەھۆی دۆخی ئەمنی دەھاتنە ھەرێمی کوردستان و مامەڵەی باشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمەکان بەتایبەت لە کاری ھەڵکۆڵین و ڕووپێوی و کاری شوێنەوارییەوە ھاوکاری باشیان دەکرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن، بۆیە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ تیم کار دەکەن ئینجا ئەوانەی تازەبن یاخود گرێبەستی چەند ساڵەیان ھەبێت، کە ھەر دوێنێش دوو تیممان بۆ ھاتنەوە کاری خۆیان بەردەوام دەکەن لە ھەولێر و سلێمانی و سۆران و تیمێکی تازەش ھاتووە کار دەکەن و دوو تیمی دیکەی تازەش ھاتوون گرێبەستمان بۆ کردوون لە سلێمانی دەست بە کار دەکەن، کە ئەو تیمانە لە ئەورووپا و ئەمەریکاوە ھاتوون.
لەشکری ووتیشی، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەواریمان ھەن، کە ٥٥%یان ڕووپێوییان بۆ کراوە و بەشێکی زۆریش ڕووپێوییان بۆ نەکراوە و کەوتوونەتە نێوان بازنەی سیاسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ یاخود ناوچە سنوورییەکان، کە ئەستەمە بتواندرێت بە باشی ڕووپێوییان بۆ بکرێت، بەڵام بەردەوام کار دەکرێت بۆ دۆزینەوەی پێگەی شوێنەواری و ھەرێمی کوردستان خاوەن ژمارەیەکی زۆری پێگەی شوێنەوارییە، ئەمەش وای کردووە سەرنجی تیمەکان ڕابکێشێت بەردەوام لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە