ماستەر پلانی ١٠ساڵی داھاتووی ڕێگاوبان ڕادەگەێندرێت
پەیامی کورد ... ماستەر پلانی ١٠ساڵی داھاتووی ڕێگاوبان ڕادەگەێندرێت
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو ماستەرپلانی ١٠ ساڵەی ڕێگاوبان ڕادەگەینین.
دکتۆر ئاگرین عەبدۆڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەو ماستەرپلانەی ھەمانبوو ئێستا نوێمان کردووەتەوە، لە چەند ھەفتەی داھاتوو وۆرکشۆپێک ئەنجام دەدەین و ماستەرپلانی تازە ڕادەگەێنین کە نەخشەی ڕێگاوبان و جێبەجێکردنی شادەماری ڕێگاوبان دەبێت لە ھەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆکردن لە وۆرکشۆپەکە پەسەند دەکرێت و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەگەر دووسایدەکانی ناو ماستەپلانەکە تەواوبکرێن، وەکوو ڕێگای "ھەولێر- کۆیە" و "تونێلی ھەیبەت سوڵتان -ڕێگای دووکان بۆ خەلەکان" ھەمووی تەواو بکرێت و بکرێنە دووساید، ئەوکات دەتواندرێت بارھەڵگریش ھاتووچۆی پێدا بکەن، رێگاکان چینێکی باشی قیڕی لێدەدرێ و بەرگەی ژمارەیەکی زۆری بارھەڵگر دەگرێت بەسەریدا ھاتووچۆ بکەن.
دکتۆر ئاگرین عەبدۆڵڵا ووتیشی: ماستەرپلانی ڕێگاوبان، لە ساڵی ٢٠١٢، کۆمپانیایەکی بیانی ئامادەی کردبوو، زوو زوو پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە ھەیە، لەم کابینەیە نوێ دەکرێتەوە ، ئێستا تەواوکراوە و باسی ھەموو ڕێگاکان کراوە، ئەوەی لە بواری جێبەجێکردن دایە و ئەوەی بۆ ١٠ساڵ دانراوە، بۆیە ئەو ڕێگایانەی هێشتا یەک سایدن دەکرێنە دووساید، بۆ نموونە ڕێگای ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران، ھەمووی دەکرێتە دووساید، لە ھەولێر تا سلێمانی و لەوێش بۆ کەلار تا دەگاتە مەرزی پەرویزخان، ھەموو دەکرێتە دووساید و تونێل بە مواسفاتی بەرز درووست دەکرێن، ڕێگای خێراش لەناو ماستەرپلانەکە ھەیە، ئەویان بە پارە دەبێت و کەرتی تایبەت درووستی دەکات، لە زاخۆ بۆ دھۆک بۆ ھەولێر و بۆ سلێمانی و گەرمیان، ھەمووی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، مەزندە دەکرێت ٥٠٠کم بێت، شوفێر وەستانی نابێت و بە کورتترین ماوە و بەخێراترین ڕۆییشتن دەگاتە شوێنی مەبەست لە خاڵە سنوورییەکان، ئەوەش بە قۆناغ و لە ماوەی دوو کابینەی داهاتووی حکوومەت کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە گەر گرفتی دارایی نەبێت لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوو جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە