ماموستایەکی ئایینی : ئەرکێکی پیرۆزە کە نەتەوەکان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان بکەن

پەیامی کورد   ...   ماموستایەکی ئایینی : ئەرکێکی پیرۆزە کە نەتەوەکان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان بکەن

پێشنوێژ و ووتارخوێنی مزگەوتی دھۆک و سەرۆکی لقی یەکێتی زانایانی کوردستان لە دھۆک دەڵێت"خۆشویستنی خاک و نیشتمان ئەرکێکی ئائینییە و پێویستە ھەموومان خاکی خۆمان خوش بوێت و پارێزگاری لێ بکەین، بۆ ئەمەش چاو لەپێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بکەین."
مەلا جیھاد حەسەن، پێشنوێژ و ووتارخوێنی مزگەوتی دھۆک و سەرۆکی لقی دھۆکی یەکیتی زانایانی ئائینی ئیسلام لە کوردستان، ڕایگەیاند "سرووشتی مرۆڤ وایە کە مەیلی بۆ ووڵاتی خۆی ھەبێت، خودا مرۆڤی وا ئافراندووە، بۆیە ڕزقی کەوتۆوەتە سەر خاکێک کە پێویستە چاویشی لە خاکی خۆی ھەبێت و پارێزگاری لێ بکات، پێویستە چۆن ئاگای لەخۆی دەبێت ئاوا ئاگای لە خاک و نیشتمانی خۆیشی بێت، چۆن مرۆڤ لە ماڵەوە وەکوو خێزان لە کۆمەڵێک کەس پێکدێت و پارێزگاری لە خێزانی خۆیان دەکەن، بەو شێوەیە پێویستە مرۆڤ پارێزگاری لە خاکەکەشی بکات، بەپێی سەرجەم ئاینەکان ئەرکێکی پیرۆزە کە نەتەوەکان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان بکەن و خۆشیان بوێت، چوونکە ھەر خاکێک داگیرکرا نوێژیشی لەسەر درووست نییە، بۆیە پێویستە وەکوو چاوی خۆمان پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین و خۆشمان بوێت."
مەلا جیھاد حەسەن ووتیشی "پێغەمبەری خودا دروودی خوای لەسەر بێت نموونەیەکی باش بووە بۆ ئێمە، کاتێک لە مەککە دەریان کرد بە دڵێکی شکاو ڕووی لە مەککە کرد و فەرمووی "تۆ خۆشەویستترین شوێنی لای من، ئەگەر منیان دەرنەکردبووایە ھەرگیرز تۆم بەجێ نەدەھێشت"، کەواتە دەبێ چاو لە پێغەمبەری ئیسلام بکەین، بۆیە پێویستە ھەموومان ووڵاتی خۆمان خۆش بوێت و ئەرکێکی ئاینییە، ھەر پارچەیەک لە ووڵاتی ئێمە زیانی بەربکەوێت زیان بە ھەر تاکێکی ئێمە دەکەوێت، بۆیە برایەتی و پێکەوەژیان و خۆشویستنی یەکتری، لە ئاین بە ئەرک حیساب کراوە و ئەرکی ھەموومانە ووڵات و خاکی خۆمان خۆشبوێت و پارێزگاری لێ بکەین."


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە