مسته‌فا چاوڕەش : ئەوەی دەگوزەرێ برسی کردنی کوردە بۆیه‌ یەک ھەڵوێستی لەسەر هه‌مووان فەرزە

پەیامی کورد   ...   مسته‌فا چاوڕەش : ئەوەی دەگوزەرێ برسی کردنی کوردە بۆیه‌ یەک ھەڵوێستی لەسەر هه‌مووان فەرزە

مستەفا چاوڕەش، لە لێدوانێکیدا باس لە پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت دەکات و دەڵێ، ھەر حزبێک مافی خۆیەتی بەقەدەر ئەو کورسی و دەنگانەی ھێناویەتی بەشدار بێت لە حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم. پێشی وایە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لەلایەن بەغداوە، برسیکردنی میللەتی کوردە.

مستەفا چاوڕەش، سیاسەتمەداری کورد، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە ووتی: ناوچەکە و دەورووبەرمان وەک ئاگر دەکوڵێت، دەبینین ئێستا شەڕ لە سووریایە، بەڵام لەسەر کورد تەواو دەبێت، واتا لەبەر بەرژەوەندی دەوڵەتان، ھەزاران کورد ئاوارە دەبن.

پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆشمان، مستەفا چاوڕەش دەڵێت: ئەوەی لەسەر ئێمە فەرزە لە کوردستان بە تایبەت پارتی و یەکێتی، یەکھەڵوێستییان ھەبێت و پەرلەمان کارا بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن، چوونکە سێ مانگە بەغدا مووچە نانێرێت، بە بڕوای مستەفا چاوڕەش تەیف سامی نییە، پێی وایە لە پشتی پەردەوە دادەنیشن و بڕیار دەدەن و بە ئەوی جێبەجێ دەکەن، چاوڕەش جەختیش دەکاتەوە کە ئەوان دەیانەوێت برسیمان بکەن و به‌ زەلیلی میللەتی کورد بڕواتە بەردەستیان.

لەبارەی یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەکات: دەبێت ئەم پەرلەمانە ھی ھەمووان بێت، پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی سەرەکی دانیشن و لەسەر ھێزی پێشمەرگە و پۆست بگەنە ڕێککەوتن. ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، پێویستە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و سەرۆکایەتییەکان ھەڵبژێرێت، چوونکە خەڵک یەک حکوومەت و یەک پەرلەمانی دەوێت، ھاوکات نایشارێتەوە و دەڵێ، خۆمان یەکگرتوو نەبین ئەوەشی ھەمانە لە دەستی دەدەین، پێویستە ئێمە یەکگرتوو بین كه‌ ئەوە سیاسەتی ڕاستە.

پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، مستەفا چاوڕەش بە ڕاشکاوی دەڵێ: پارتی و یەکیتی بە تایبەت ئەگەر لایەک خاتری لایەکەی تر بگرێت، ئەوە گرفتی گەورە نییە، ئەگەر لایەک کەمێک تەنەزول بکات بۆ لایەکەی تر، عەیبەی تێدا نییە، چونکە دۆخی خۆمان باش نییە، ھەروەھا پێویستە کورد لە پەرلەمانی عێراق یەکھەڵوێست بێت و کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھاوکات پێشی وایە ھەر حزبێک مافی خۆیەتی بەقەدەر ئەو کورسی و دەنگانەی ھێناویەتی بەشدار بێت لە حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەمووان بێت.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە