مه‌سعوود پزیشكیان : بۆ ئێمه‌ جیاوازی ناكات كێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بێت

پەیامی کورد   ...   مه‌سعوود پزیشكیان : بۆ ئێمه‌ جیاوازی ناكات كێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بێت

مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆكی كۆماری ئێران پێنجشه‌ممه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد ترامپ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، بۆ ئێمه‌ جیاوازی نیه‌ كێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بێت، چوونكه‌ ووڵاته‌كه‌مان به‌لایه‌وه‌ گرینگ نیه‌ و ته‌نها پشت به‌هێز و گه‌لی سه‌ربه‌رزی خۆی ده‌به‌ستێت.

مه‌سعوود پزیشكیان  له‌ووڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 5ی ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند، "به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی نییه‌ كێ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ئه‌مریكا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، چوونكه‌ ووڵاته‌كه‌مان و سیسته‌مه‌كه‌مان پشت به‌ هێزی خۆی و گه‌لێكی سه‌ربه‌رز و مه‌زن ده‌به‌ستێت".

سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ ووڵاتان، مه‌سعوود پزیشیكیان ووتی، "له‌ بواری په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دیكه‌ دیدێكی داخراو و سنووردارمان نابێت".

باسی له‌وه‌شكرد، "كاری له‌پێشینه‌ی ئێمه‌ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیسلامی و دراوسێ، ئێمه‌ باوه‌ڕێكی پته‌ومان به‌ بونیاتنانی یه‌كڕیزی و هاوئاهه‌نگی له‌ نێوان ووڵاتانی ئیسلامی دا هه‌یه‌، پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ووڵاتانی جیهانی ئیسلامی پێكه‌وه‌ یه‌كیان بگرتایه‌، قه‌واره‌ی ئیسرائیل نه‌یده‌وێرا هه‌نگاو بنێت ڕشتنی خوێنی گه‌لی سته‌م لێكراوی فه‌ڵه‌ستین و لوبنان به‌م شێوه‌یه‌".


ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە