مەحموود محەممەد : بۆ ئەوەی پارتەکەتان ھەر لەسەنگەری پێشەوە بێت دەنگ بە پارتی بدەن
پەیامی کورد ... مەحموود محەممەد : بۆ ئەوەی پارتەکەتان ھەر لەسەنگەری پێشەوە بێت دەنگ بە پارتی بدەن
ئێوارەی چوارشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٥ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری ھەولێر دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد، لە پەیامێکیشدا مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان کرد.
مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاھەنگی ناساندنی کاندیدانی لیستی ١٩٠ی پارتی ووتی: پارتیمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێک ئاراستەی جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دەکات کە دەقەکەی بەم شێوەی خوارەوەیە.
جەماوەری خۆشەویست
دەنگدەری بەڕێز
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە ڕاستگۆیانە وە سەربەرزانە ڕوو لە گەلی کوردستان دەکات، پەیامی خۆی کە پەیامی مێژوو ئێستا و داھاتووە ڕادەگەیەنێت، پەیامێک کە پڕە لە شانازی مێژوویی و پڕە لە دەستکەوتەکانی ئێستا و ھەروەھا پڕە لە ھیوای گەورە بۆ داھاتوو، گەلی کوردستان بەتەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و کولتووریەکانیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان باش دەناسێت، دەزانێت کە لە ڕۆژانی بەرگری دا پێشمەرگە ئاسا گیانی بەخشیوەو قوربانی داوە، بەرگرییەکی سەرفرازانەی کردووە، لە ڕۆژانی ئاشتی و پێکەوەژیانیشدا دەستی تەبایی و یەکڕیزی و پێکەوەژیان بووە، لە ڕۆژانی کارو ئاوەدانی و بونیاتنانیش دا بەرھەمەکانی ھێندە باڵان وا بە بەرچاوی ھەمووانەوەیەو پێویست بە پەسەن و پێناسەکردن نیە، ئیتر ئەوە پارتیە، حیزبە ڕاست و ڕەوان و سەربەرزو سەرفرازە بەرھەمدارەکەی خۆتانە، بۆیە داواتان لێدەکەین لە ڕۆژانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا جوانترین نموونەی بانگەشەی ھەڵبژاردن پێشکەش بکەن و لە ڕۆژی چارەنووسازی دەنگدانیش دا کە حەوتەمین ساڵڕۆژی داستانی پردێ و سحێلایە، بەویژدانی زیندووتان بە پەنجەی مۆرو دەنگی سەربەرزانەتان دەنگ بە لیستی خۆتان لیستی ١٩٠ پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، ئەو لیستەی کە بە درووشمی “ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگری” گوزارش لە ڕوانگەی ڕۆشنەکانی پارتی دەکات، ئەو پارتەی بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتی دۆزە گەورەکە دەکات، نوێنەرایەتی سووربوونە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و ھەروەھا نوێنەرایەتی شانازی دەستکەوتەکان و داھاتووێکی گەشتر دەکات.
دەنگدەری ئازیزی کوردستان
لەماوەی نێوان ئەم دوو ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا، ھەمووتان بینیتان کە پارتی لە سەنگەرو چەپەرەکانی گەلەوە ھاواری ڕاستی دەکرد، بەچاوی خۆتان بینیتان پارتی بە کردەوەش شەڕی ژیان و بژێوی و مووچە و بوودجەی کوردستانی دەکرد، بینیتان ئەوە پارتی بوو قەوارەی ھەرێمی کوردستانی پاراست و قەوارە دەستووری و دیموکراسیەکەی ھەرێمی کوردستانی پاراست، بینیتان پارتی دەنگی کوردستانیانی گەیاندە ھەموو جیھان، بەڵێ بینیتان ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە پاڵپشتی ئێوەی بەڕێز خۆنەچەماندنی کردە وێردی سەر زمانی گەورە و بچووک، ئاوەدانی و ئارامی پێکەوەیی و خۆڕاگری کردە بەرھەمی ھەمووان، ئێستاش ھەموو پێکەوە بۆ ئەوەی خەرمانی سەروەری و دەستکەوتەکانمان زیاتر بکەین و پەرلەمانێکی کاراو خوکمڕانیەکی سەردەمیانە و سەرتاسەریمان ھەبێت، بەڵێ بۆ ئەوەی پارتەکەتان پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بێت لە ژیان و دەستکەوت و چاکسازی داھاتووی گەل دەنگ بە پارتی دیموکراتی کورستان بدەن، ئەو پارتیەی ھی ھەمووانە ھی ڕەگی کوردایەتیەو ڕێبازی بارزانی و ڕەنگەکانە، ھی ھزری پاک و ھەڵوێستەکانە، ھی ئەوەیە لە ڕۆژی دەنگداندا بە کەرنەڤاڵی پڕ ڕەنگی دەنگەوە ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین و پشت بە خودا و جەماوەری گەلەکەمان دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.
ئەم بابەتە 48972 جار خوێندراوەتەوە