مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دێموكرات(هەسەدە) بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا

پەیامی کورد   ...   مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دێموكرات(هەسەدە) بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا

چوارشەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و وا بڕیارە ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو دەستەی دانووستانی هەسەدە و حكوومەتی سووریا لە پاریس بەڕێوە بچێت.
بەپێی زانیارییەكان، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا وەکوو نوێنەری حكوومەتی سووریا و نوێنەرانی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا لە كۆبوونەوەكە بەشدار دەبن.
مەزڵووم عەبدی لە 10ـی ئاداری ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا واژوو کرد، کە لە خاڵی یەکەمی ڕێككەوتنەكەدا جەخت لەسەر گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان دەکاتەوە لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بەبێ گوێدانە بنەچەی ئایینی و نەتەوەییان. لە خاڵی دووەمیش دا هاتووە کە کۆمەڵگەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریادا و دەوڵەتی سووریا مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی مسۆگەر دەکات.
گرینگترین خاڵی ڕێككەوتنەكە خاڵی سێیەم بوو کە بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری خاکی سووریادا، لە کاتێکدا خاڵی چوارەم باسی لە یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان دەکرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، بە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکانیشەوە.
ئەم ڕێککەوتنە لە خاڵەکانی دیکەیدا گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوورییەکان بۆ شار و گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە گەرەنتی دەکات.
ڕێککەوتنەکە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی دابەش بوون و وتاری ڕق و کینە و هەوڵەکانی چاندنی ئاژاوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی جێبەجێکار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ.


ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە