مەسررور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا کرد
پەیامی کورد ... مەسررور بارزانی سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا کرد
سێشەممە 3/19، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا، بەردەوامبوونی پشتیوانی پێشمەرگە و هاریکاری و هەماهەنگی ووڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
تەوهرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرینگی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، بەڵام خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی بکات.
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین و لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دیموکراتییانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بکات.
بارودۆخی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی کەمپەکان بۆ شوێنەکانیان.
ئەم بابەتە 10784 جار خوێندراوەتەوە