مەسرور بارزانی : گەورەترین سەرکەوتن بەدەست دەھێنین
پەیامی کورد ... مەسرور بارزانی : گەورەترین سەرکەوتن بەدەست دەھێنین
مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر، لە ووتارێکدا ڕایگەیاند "بە دەنگەکانی ئێوە، خوا یار بێت، لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەرکەوتن بەدەست دەهێنین".
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت، هەندێک لایەنی سیاسی بەردەوام هەوڵی داوە لاوانی هەرێمی کوردستان "بێ ئومێد بکەن، پارتی هاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیوا بۆ لاوانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
مەسروور بارزانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستانی بە چارەنووسساز ناوبرد و داوای کرد، بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەدەنییانە و دیموکراسییانە بەڕێوە بچێت.
مەسروور بارزانی رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەری دەخات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چ حزبێک و بڕیارێکن. باسی لەوەش کرد، هۆکاری ئەوەی پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان یەکەم بووە، ئەوەیە کە "پارتی ئەم ئەزموونەی درووست کردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت".
پارتی، وەکوو مەسروور بارزانی باسی کرد "بە تەنیا زۆر دەستکەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێکی دیکە بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستکەوتی هەبێت".
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: نەمانویستووە خەڵک لە ئێمە بترسێت، نەمانویستووە بە چاو سوورکردنەوە خەڵک لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە؛ دەمانەوێت بە خۆشەویستی و ڤیان، خەڵک پارتیی خۆش بوێت". دووپاتیشی کردەوە "ئێمە قەت شەڕخواز نەبووین و هەمیشە داوای ئاشتیمان کردووە و ویستوومانە بە ئاشتی و پێکەوە کارکردن کوردستان بەرەوپێش ببەین".
مەسروور بارزانی بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی گوت: بۆ بانگەشە بێت یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، کە پەلاماری پارتی دەدەن، سنووری خۆتان بزانن، چونکە سبەینێ دێنەوە لامان؛ بایی ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە کە لێتان ببوورین.
ئەم بابەتە 38081 جار خوێندراوەتەوە