مەسروور بارزانی : ئومێدەوارین لە زووترین کات حکوومەتی نوێ پێک بهێنین

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : ئومێدەوارین لە زووترین کات حکوومەتی نوێ پێک بهێنین

سێشەممە 26ی 11ی 2024 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نۆ باڵاخانه‌ی نوێی باخچە و قوتابخانەی حکوومی لە سنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر کردەوە کە یەکێکیان ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی بوو کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەت سەردانی کرد.

سەرۆکی حکوومەت دوای کردنەوەی ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، لە ووتەیەکدا ئاماژەی کرد بەوەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و درووستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانەی تر، ئەم قوتابخانەیە دەکەینەوە وەک نموونەیەک بۆ کردنەوەی باڵەخانەی چەندین باخچە و قوتابخانەی نوێ کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە درووستکراون.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد کە لە کاتە ناخۆش و سەختەکاندا، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن بوەستێت و ئەرکی خۆیان بە دڵسۆزییەوە جێبەجێ کردووە و نەیانهێشتووە قوتابیان لە خوێندن بێبەش بن.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە “دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بتوانین لە زووترین کاتدا، حکوومەتێکی نوێی بەهێز و خزمەتگوزار پێک بهێنین تاکوو درێژە بە خزمەتگوزارییەکان و بەرنامەکانمان لە کەرتی پەرەوەردە بدەین”.

چوار هەزار و پێنج سەد قوتابی لە ژینگەی نوێی ئەو باڵەخانە نوێیانە کرانەوە سوودمەند دەبن کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

یەکەم: 3 باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای بنەسڵاوە- گەڕەکی ڕۆشنبیری- گەڕەکی زاگرۆس.

دووەم: 3 باڵەخانەی نوێ: قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە شاری پێشەنگ (هەولێر) و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە شاری ئازادی نوێ (هەولێر) و باخچەیەکی منداڵان لە شاری ئەتلەنتیک (هەولێر) لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

سێیەم: 2 دوو باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لە قەزای بەحرکە و هیوا ستی (هەولێر).

چوارەم: 1 باڵەخانەی نوێی 9 پۆلی لە گوندی دوزتەپە لە ناحیەی شەمامک.


ئەم بابەتە 127 جار خوێندراوەتەوە