مەسروور بارزانی : بەندئاوی چەمرگەمان کردەوە و بەندئاوی زیاتریش دەکەینەوە

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : بەندئاوی چەمرگەمان کردەوە و بەندئاوی زیاتریش دەکەینەوە

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە درێژەی وەبەرهێنانماندا لە ژێرخانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەندئاوی زیاتر دەکەینەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر گرینگە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێرزەوی زۆر بەکار نەهێنین.

سێشەممە 25ـی حوزەیرانی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکدا بەندئاوی چەمرگەی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

مەسروور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند : بەندئاوی چەمرگەمانیان لە هەولێر کردەوە، کە توانای کۆکردنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکردووە: لە درێژەی وەبەرهێنانماندا لە ژێرخانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەندئاوی زیاتریش دەکەینەوە.

مەسروور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر گرینگە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێرزەوی زۆر بەکار نەهێنین، چوونکە بەداخەوە خەریکە ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە، هەروەها ووتیشی، سامانی ئاو و سامانە سرووشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکوو هی نەوەکانی داهاتووشن، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین.

بەندئاوی چەمرگە بە گوژمەی چوار ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بەپێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان درووستکراوە، بەرزی بەندئاوەکە ١٧.٥ مەترە، درێژییەکەشی ٢٦٢ مەتر و پانیەکەشی زیاتر لە ٨ مەترە.


ئەم بابەتە 28406 جار خوێندراوەتەوە