مەسروور بارزانی داوایهكی لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی داوایهكی لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كادیری لقەكانی سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پارتی تاكە ئومێدی كوردستانە و سەركەوتنیشی سەركەوتنی هەموو كوردستانییەكی نیشتمانپەروەرە.
پاشنیوەڕۆی سێشەممە، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، "پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی ڕابەری نیشتیمانیمان بارزانی نەمر، حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بووە، مایەی شانازیشە کە ئەمڕۆ پارتی پارێزەر و گەرەنتی پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە".
مەسروور بارزانی داوای لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد لە ئاست گەورەیی و سەنگ و پێگەی پارتیدا بن و نموونەیەکی باڵای ڕەوشت بەرزی و دڵسۆزی بن و بە گیانێکی کوردستانییانە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بن.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیشی کردەوە کە لە کاتی قەیران و تەنگانەدا، پارتی تاکە هێز بووە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە شکۆ و کەرامەتی گەلی کوردستان و دەستکەوتە نیشتمانییەکاندا بووە، بۆیە بووەتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان.
مەسروور بارزانی ووتیشی، "لەژێر سایەی پارتیدا، کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت و دەبووژێتەوە و گەشە دەکات".
ئاماژەی بەوەش دا، "پارتی تاکە ئومێدی کوردستانە و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەرە".
ئەم بابەتە 71611 جار خوێندراوەتەوە