مەسروور بارزانی : سەرقاڵی پرسی مووچەین و چیتر هاتنی مووچە نابێتە هەواڵ
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : سەرقاڵی پرسی مووچەین و چیتر هاتنی مووچە نابێتە هەواڵ
لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییانی سلێمانی، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرقاڵی پرسی مووچەین، ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت و ئیدی هاتنی مووچە نابێتە هەواڵ، هەروەها ووتی، مووچەی بێ کەرامەت بێ خاک قیمەتی نییە و ئێمە دەمانەوێت ئێوەی هاونیشتمانییان بە سەربەرزییەوە مووچە وەربگرن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، بەڵام وەکوو خۆی دەڵێت، هەموو هەوڵێک درا بۆ زاڵبوونی "بەرژەوەندی تەسکی حیزبی" بەسەر بەرژوەندی گشتی.
هەروەها لەبارەی هەژماری منـەوە ئاماژەی بەوە کرد: "هەژماری من بۆ ئەوەیە کە پەککەوتە و خاوەن شەهیدان لە سەرەدا نەوەستن، بەڵکوو هەرکاتێک خۆی بیەوێت بچێت مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام وا خەریکن ناهێڵن ئەمەش سەربگرێت".
مەسروور بارزانی دڵنیایی دەدات لەوەی، "کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ئەگەر بە دەست من بێت یەک ڕۆژ مووچە دواناخەم و ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن کە بوودجە نادەن، داکۆکیان لەوە دەکرد بەغدا بوودجە بدات".
لەبارەی دادگاکانەوە، مەسروور بارزانی دەڵێت: "ئەگەر دادگا سەربەخۆ نەبێت گەورەترین کارەساتە ئێمە وەکو حکوومەت مافمان نییە دەستوەردان لە سیستەمی دادوەریدا بکەین، هاووڵاتیان دەتوانن ئەو لایەنە سیاسییە سزا بدەن کە دەستوەردان لە کاروباری دادگادا دەکەن".
هاوکات، باسی لە گرینگی گوندەکان کرد : گوندەکان بۆ ئێمە زۆر گرینگن، شەڕ و نائارامییەکان ڕێگر بوونە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان. دەبێت ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بکەینە کاری ئێستا و داهاتوومان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەبەرهێنەر هەبووە لەسەر ئەرکی خۆی ڕێگاوبانی درووستکردووە، هیوادارم وەبەرهێنەرانی سلێمانیش لەسەر ئەرکی خۆیان ڕێگاوبان درووست بکەن.
مەسروور بارزانی دەڵێت: دان بە زۆنی سەوز و زەرد نانێم" و دەڵێت، کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێوان شارەکاندا بکات.
هاوکات، باسی لە بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد و ووتی : مامۆستایان مافی خۆیانە مانگانە مووچە وەربگرن، بەڵام "بایکۆتی مامۆستایانی سلێمانی دەستی سیاسی تێدابوو.. لایەنی سیاسی هانی بەغدایان دەدا بۆ ئەوەی گوشارەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکات".
ئەم بابەتە 23103 جار خوێندراوەتەوە