مەسروور بارزانی : سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانی کوردستانە
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانی کوردستانە
مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لەیادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایدەگەینێت، پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرینگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەستکەوتە نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە.
دەقی پەیامەكەی مەسروور بارزانی:
بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.
پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانی نەمر، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.
پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرینگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەستکەوتە نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە.
پارتی تاکە ئومێدی خەڵکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت.
چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت، چوونکە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانی کوردستانە.
لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی، بارزانی مستەفا و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.
مەسروور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
شازدەی ئابی 2024
ئەم بابەتە 11360 جار خوێندراوەتەوە