مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دڵخۆشکەری بۆ خەڵکی کوردستان راگەیاند.
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دڵخۆشکەری بۆ خەڵکی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. ووتیشی، "ئێمە حکوومەتی فیدراڵی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ".
دەقی لێدوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتییانی خۆشەویست
هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین. ئەمڕۆ دەمەوێت پێتان رابگەیەنم، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی کوردستان، پێتان دەڵێم کە ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم راسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش، ئێمە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان.
ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێەجێکردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو رێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمەبووە ئەنجاممان داوە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت.
هەروەها لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قوڕسە ناهەموارە ئابوورییەی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سووکبکەینەوە. بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستبکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکومەت سوودمەندنەبوون.
داوامانکردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە رێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ) و داشکاندنی 50% لە رسووماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان. هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی رسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە رێژەی 20% و داشکاندنی رسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.
هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەسەری گشت گرفتەکانی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.
ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین.
ئێوە هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
ئەم بابەتە 99221 جار خوێندراوەتەوە