مەسروور بارزانی : لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی

پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی : لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەنتەرێكی تایبەت بە كاروباری پۆستە و گەیاندنی لە هەولێر كردەوە و ڕایگەیاند: "كەرتی پۆستە و گەیاندن كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەكات و بارگرانی كەم دەكاتەوە."

یەكشەممە 9/6/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن، لە هەولێر كردەوە و ووتی: "ئەمڕۆ یەکێک لە پڕۆژە هاوبەشەکانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەکەینەوە، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پێش خستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و بە تایبەتیش خزمەتگوزاریی پۆستە کە خوازیارین ئەم کەرتە لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بێت."

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوەبەستنەوەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر، هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و جیهان، ئەمە بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانی حکوومەت بۆ بەسەردەمیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەدیجیتاڵ کردنیان و کەمکردنەوەی بیرۆكراسی."

هەر لە وتارەكەیدا، مەسروور بارزانی باسی لەوەش كرد: "لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرینگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەێنێت و ئاسانكاری زۆر بۆ راییكردنی ژیان و كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات، كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن، لە هەمانکاتدا دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانی لەسەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و کەرتی تایبەتیش."

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، كە دەکرێ ئەم سەنتەرە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بە تایبەتی بازرگانی ئەلیکترۆنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە، دەشڵێت: "پێویستە ئیشوکارەکانی ئەم کۆمپانیایە بە شێواز و سیستەمێکی پێشکەوتوو و لە چوارچێوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان ئەنجام بدرێت و کارئاسانی پێویست بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بکات و ببێتە وەرچەرخانێکیش لە بواری پۆستە و گەیاندندا."

مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند: "هەر ئەم بابەتە رامان دەكێشێتە بوارێكی دیكە كە ئەویش سیستەمی ناونیشان و ئەدرێسە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گونجاو و سەردەمیانە ڕێك بخرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت لە زووترین كاتدا لەسەر ئەم بابەتە كار بكەن."

هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆكی حكوومەت ووتی: "پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان. خۆڕاگری ئێوە وایكرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت و ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، هیوادارم كە ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بوودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت، هەروەك پێشتریش من باسم كردووە. هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندی باشتریش هەنگاو بنێین."


ئەم بابەتە 36089 جار خوێندراوەتەوە