مەسروور بارزانی لەگەڵ شازادەی جانشینی ئوردن کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی لەگەڵ شازادەی جانشینی ئوردن کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شازادەی جانشێنی ئوردن کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە ھەموو بوارەکاندا کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ حسێن بن عەبدۆڵڵا، شازادەی جانشینی ئوردن کۆبووەوە.

شازادەی جێنشینی ئوردن، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و لە مێژینەی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی کرد و ئامادەیی تەواوی ووڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە ھەموو بوارەکاندا دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئوردن و شا عەبدۆڵڵای کرد کە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیری ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و مافی گشت پێکھاتەکانی ئەو ووڵاتە کرایەوە.


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە