مەسروور بارزانی : هیوادارم کاربەدەستان سوود لە بۆچوون و بڕیارەکانی کۆڕبەندی مێپس وەربگرن

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : هیوادارم کاربەدەستان سوود لە بۆچوون و بڕیارەکانی کۆڕبەندی مێپس وەربگرن

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 22ی 11ی 2024، لە كۆڕبەندی مێپس لە دهۆك، ووتاری دەستپێكی كۆڕبەندەكەی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: بڕیار و گفتوگۆكانی كۆڕبەندی مێپس گرینگە بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، تاكوو سوودی لێوەربگرن. ئەمەی خوارەوە دەقی ووتاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە كۆڕبەندی مێپس:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

رابەر و پێشەوامان جەنابی سەرۆك بارزانی

بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ

بەڕێز مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بەڕێزان، سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری توركیا ئەحمەد داود ئۆغلوو

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ حەیدەر عەبادی

دیپلۆماتكارانی بەڕێز

ئەكادیمییانی بەڕێز

مێوانانی هێژا و قەدرگران

لە هەر كوێ هاتوون بەخێربێن سەر سەر و سەرچاومان، سەربەرزین بە ئامادەبوونتان لەم كۆڕبەندەی پێنجەمی (مێپس) لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری جوانی دهۆك. هیوادارم ئەم دوو ڕۆژە كە ئەم كۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێ، هەموو بۆچوونەكان و ئەو بڕیارانەی لەم كۆڕبەندەدا دروست دەكرێن و قسەیان لەسەر دەكرێ، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان، لە عێراق، لە ناوچەكە، سوود و مفای لێ وەربگرن.

ئەمە پێنجەمین جارە كە ئەم كۆڕبەندە لە شاری دهۆك لە ڕێگەی زانكۆی ئەمریكی دروست دەكرێ، من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ بتوانین ئەم كۆڕبەندە درێژە پێ بدەین و باشتریشی بكەین.

جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمریكیش بكەم، هەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆڕبەندە، هەم بۆ ئەوەی كە لە كەمتر لە 10 ساڵدا دەستكەوتێكی نێودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت، ئەویش بووەتە بەربژێر بۆ ئەوەی كە (accreditation niche) وەربگرێت. ئێستا بەربژێرە و ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەم زانكۆیە كە ئێستا تەمەنی تەنیا 10 ساڵە.

جێی خۆیەتی من هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان بكەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە چەندین كێشە و گرفتدا تێپەڕ دەكات، هیوادارم ئەم كۆڕبەندە و ئەنجامەكانی ئەم كۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراقدا بن و ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین.


ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە