مەسروور بارزانی : هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوو
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوو
مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری میریدا ڕایگەیاند "هەڵبژاردن زۆر گرینگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ هەموو دامەزراوەکان و پێگەکانی حوکمڕانی و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان."
ووتیشی : "دەبووایە پێش دووساڵ ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەلام لەبەر هەندێک هۆکاری دیار و پێداگری هەندێک لایەن هەڵبژاردن دوا خرا، تاوەکوو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن کرا؛ هەروەها داوای نەهێشتنی کورسی کۆتاکان کرا، وە داوای ئەوەش کرا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات."
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ئەو شتانە وای کرد، ئێمە لە 20ـی ئەم مانگە هەلبژاردنمان کرد، بەبەشداری لەسەدا 72ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە ئاماژەیەکی دیارە، کە خەلکی هەرێمی کوردستان وشیارە و بەدەنگدان بەو لایەنەی کە متمانەیان پێ هەیە، دیاریان کرد کە چیان دەوێت."
مەسرور بارزانی ووتیشی : "ئێستا کە چاوەڕوانی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن دەکەین، ئەو کات بەدیار دەکەوێت کە ئەنجامەکان چۆنن، هیوادارم هەموو لایەک بتوانن قبوڵی بکەن، ئەگەرچی تێبینیش هەبووبێت، بەڵام بێگومان بەبەشداری لایەنی نێودەوڵەتییەکان دیار بوو کە هەڵبژاردنێکی باش بووە".
سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، "هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداربوون لە پرۆسەکە وایان کرد، هەڵبژاردن سەرکەوێت، هەروەها لایەنگرانی لایەنەکانیش بەبەشداریکردنیان وایان کرد کوردستان لەو پرۆسە سیاسیە سەرکەوتووبێت و یەکەم بێت، ووتیشی : زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن پێشبینی ئەنجامێکی کردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن کە ئەنجامەکان بەشێوەیەک دەرچووە ئێستا هەڵوێستی دیکەیان وەرگرتووە".
مەسروور بارزانی ووتی : دەبێت ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بووە کە خەڵکی کوردستان متمانەی بەکێ کردووە، هاوکات ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە کە زۆر شت بە شێوەیەکی دیکە وێنا دەکرا، ئێستا بۆ خەڵک بەدەرکەوتووە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نەبووە و پێگەی نەبووە، خەڵکی بەڕای خۆیان بەدەریان خست و ئاشکرایان کرد لکە چ جۆرە داهاتوویەک و چ پاشەڕۆژێکیان دەوێت، هەر لەم ڕوانگەوەش پارتی وەکو حزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی بووە، پەیامی ئاشتی بووە، پەیامی پێکەوە ژیان بووە، پەیامی ئارامی بووە، پەیامی خۆڕاگری بووە، ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین، ئەوە ئەم ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە، پارتی لەسەری کاری کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە کە بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت، هەوڵ دەدات ووڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت کە ئەوان دەیانەوێت ووڵاتێکی ئارامیان هەبێت، ووڵاتێکی گەشەسەندوویان هەبێت، ووڵاتێکیان هەبێت ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو بنێت، ووتی: ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵکی کوردستان.
دیداری ئەنێستیتووتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانی درووست و خۆشگوزەرانی) سێشەممە، 29-10-2024، چالاکییەکانی لە هەولێر دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە