مەسروور بارزانی و شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی پێش خستنی ئابووری تاوتوێ کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی و شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی پێش خستنی ئابووری تاوتوێ کرد
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان کرد لە پێناو برەودان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.
پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کرد.
بە گوێرەی ڕاگەێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا کرا، لە پێناو برەودان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی و سوودوەرگرتن لە ڕێنماییەکانی دامەزراوەکە لە بواری پێشخستنی گەشەپێدانی ئابووری، بە تایبەتی لە درووستکردنی ناوچەی پیشەسازی دا.
شاندەکە ستایشی بەرنامەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە تایبەت لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرینگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بانکی و وزە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا کە لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کراوە.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە