مەسروور بارزانی و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆیان سەبارەت بە سەرژمێری کرد
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆیان سەبارەت بە سەرژمێری کرد
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێوبەری نووسینگەی ھەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، جەختکرایەوە پێویستە سەرژمێری تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و دوور لە ھەر ئامانجێکی سیاسی.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لەیلا بەکر، بەڕێوبەری نووسینگەی ھەرێمایەتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووانی ووڵاتانی عەرەبی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پڕۆژە و چالاکییەکانی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی تواناکانی ئەنجامدانی ئامار و سەرژمێری دانیشتووان کرا، بەتایبەتی کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
جەخت لە پێویستی پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرایەوە، لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێری، کە پێویستە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە ھەر ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت.
ئەم بابەتە 33942 جار خوێندراوەتەوە