مەسروور بارزانی : پارتی له‌ بەڵێنەكانی لەگەڵ خەڵكی كوردستان راستگۆبووە

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : پارتی له‌ بەڵێنەكانی لەگەڵ خەڵكی كوردستان راستگۆبووە

شەممە 28ـی ئه‌یلوولی 2024، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکار، وەبەرهێنەر، بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانانی هەولێر گوتارێكی پێشکەشی کرد و ڕایگه‌یاند، پارتی له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رگری له‌ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ چه‌ترێك دروست بكات هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ هه‌موو ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری پارتی جێگه‌یان ببێته‌وه.

ووتاری مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

ڕۆژتان باش و به‌خێر بێن، به‌ڕێزان ئه‌مڕۆ كۆبووینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باس له‌ بابه‌تێكی زۆر گرینگ بكه‌ین، كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هه‌ر هه‌موومان ده‌بێت، هی ئێوه‌ و هی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان. ڕاسته‌ كه‌ ده‌گوترێت هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك چاره‌نووسسازه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌تایبه‌ت چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێوه‌ به‌نده‌. هه‌ر بڕیارێك بدرێت، ئێمه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین. بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆتان ده‌ده‌ن، بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی ژیانی خۆتان ده‌ده‌ن، هی منداڵه‌كانتان، هی كار و كاسبیتان ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو بڕیاری هه‌موو لایه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا بێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بزانین چۆن بڕیار ده‌ده‌ین، خۆشتان باشتر له‌من ده‌زانن، ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كێكیش به‌ڵێنی جیا جیا ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی چی بكه‌ین و چۆن به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بڕۆین؟ خه‌ڵكیش حه‌ق و مافی خۆیه‌تی داوای ده‌نگدان له‌ ئێوه‌ بكات. به‌ڵام من داواتان لێ ده‌كه‌م پێداچوونه‌یه‌ك به‌ ڕابردووی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هۆكاری دروستبوونی ئه‌و ڕێكخراوه‌ سیاسییانه‌ و ئه‌و حزبه‌ سیاسییانه‌ چی بووه‌؟ من زۆر به‌ كورتی بۆتانی باس بكه‌م كه‌ پارتی له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رگری له‌ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ چه‌ترێك دروست بكات هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ هه‌موو ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری پارتی جێگه‌یان ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سته‌م و سته‌مكار ببنه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ خه‌بات بكات.

پێم وایه‌ پارتی له‌م په‌یامه‌یدا ڕاستگۆ بووه‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می جه‌نابی بارزانی نه‌مر و سه‌رده‌می جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئێسته‌ پارتی ڕاستگۆ بووه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان له‌ خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌وه‌ی كه‌ مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر هیچ مافێكی ده‌ستووری و یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه‌. لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش حزبی سیاسییه‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستان له‌ قۆناغی جیاوازدا هه‌ر یه‌كێك به‌ شێوازێك كار بكات، به‌ڵام دروستبوونی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ دروستبوونی پارتی، پارتی دروست بوو، چوونكه‌ بوونی ئێمه‌ وه‌كوو نه‌ته‌وه‌، نیشتمانی ئێمه‌ وه‌كوو كوردستان، له‌ژێر مه‌ترسی له‌ناوچووندا بوو، ئه‌وان دروست بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، چوونكه‌ له‌ پارتی جیا بوونه‌وه‌، كه‌واته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاریخوازی كوردستانی هه‌بووه‌، وه‌ختێك كه‌ پارتی دامه‌زرا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ دروست كرا، كه‌واته‌ پێویست نه‌بوو بیر له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕزگاریخوازی بكاته‌وه‌، چونكه‌ دروشمه‌كان یه‌كه‌، تۆ له‌پێناو وڵاته‌كه‌ت و خاكه‌كه‌ت و نیشتمانه‌كه‌ت و كه‌ڕامه‌تی میلله‌ته‌كه‌ت خه‌بات ده‌كه‌یت، ئه‌ی بۆ ئه‌م جیاوازییه‌؟ جیاوازیی دووبه‌ره‌كی، لاوازكردنی به‌ره‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان. ئه‌دی بۆ كرا؟ زۆر دیاره‌ و زۆریش ئاساییه‌، كه‌ دیاره‌ بابه‌تی شه‌خسی بووه‌. ئینجا بۆ ئه‌مه‌ گرنگه‌، من كه‌ باسی ڕابردوو ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌م ململانێیه‌ ته‌واو نه‌بووه‌، ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ عه‌سكه‌رییه‌ كه‌ پێشتر هه‌بووه‌، تاكوو ئێسته‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئێسته‌ جۆره‌كه‌ی گۆڕاوه‌، ئێسته‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ شه‌ڕ و له‌ جه‌بهه‌ و به‌ شێوازی تر ململانێ بكرێت، له‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و به‌ شێوازی دیموكراتی ئه‌و ململانێیه‌ ده‌كرێت، خۆزگه‌ هه‌ر وایش بووایه‌، خۆزگه‌ ململانێیه‌كی سیاسیی بووایه‌، خۆزگه‌ له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ببایناینه‌وه‌ و هه‌ر كه‌سێك به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای خه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌، بیتوانیبایه‌ حوكمڕانی بكات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ لایه‌نی تر هه‌بوون له‌ كوردستان په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان و بۆ لاوازتركردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بپارێزن.

هەر لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی: ئەم هەڵبژاردنە ئێمە دەخاتە سەر دوو ڕییانێک ، هەندێک سەیری ڕابردووی خۆشمان بکەن دیارە، هەندێک کەس هەوڵی ئەوەیان داوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لاواز و پێشێل بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕادەستی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بە‌غدا بکرێت، مووچە و بودجە ڕابگیرێت، دابەشی و جیاکاری لە کوردستان دروست ببێت. شکۆی پێشمەرگە بشکێت و خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەست بکرێت، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەبوون ئەم قەوارەیە تەواو تێک بدەن، ئەمە ئەو بەرەیە ئەگەر ئێستاش سەیری دروشمەکانیان بکەین زۆر بە ڕاشکاوی تەعبیرێکی زۆر بە ڕاستگۆیانەیە لە کردارەکانیان دەڵێن "ڕایدەگرین"، "ئیتر بەسە تێکی دەدەین"، نایهێڵین"، "دەیوەستێنین"، ئەم جۆرە دروشمانە هەمووی دروشمی تێکدان و وێرانکاری و تاریکی و وەستاندن، نەمبینی یەکێک باسی ئایندە و ئومێد بکات یان باسی پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بکات یان باسی باشترکردنی دۆخی خەڵکی کوردستان بکات، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان. 


ئەم بابەتە 44356 جار خوێندراوەتەوە