مەسروور بارزانی ڕەزامەندی لە سەر تەواوکردنی پڕۆژەکانی دھۆک داوە و سێ ناحیەی نوێش درووست دەکرێن

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی ڕەزامەندی لە سەر تەواوکردنی پڕۆژەکانی دھۆک داوە و سێ ناحیەی نوێش درووست دەکرێن

پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەێنێت، مەسروور بارزانی ڕەزامەندی لەسەر تەواوکردنی تەواوی پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای دھۆک داوە و ئێستا زۆرینەی پڕۆژەکان دەستییان پێ کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش دا سێ ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگای دھۆک درووست دەکرێن.

دووشەممە، ١٩ـی ئابی ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک ڕایگەیاند: چەند پڕۆژەیەک لە دھۆک و ئاکرێ بە پشتیوانی ھەردوو ڕێکخراوی UNHCR و WHO  کراون و لە قەزای سیمێلیش چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن.

پارێزگاری دھۆک وەک مژدەیەکیش ڕایگەیاند: "سێ ناحییەی نوێ لە میسیریک و شاریا و تەناھی، بۆ ئاسانکاری لە کارووباری ھاووڵاتییانی ئەو دەڤەرانە درووست دەکەن". هاوکات ووتیشی: سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕەزامەندی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان داوە.

پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سنووری شارەوانی تەناھی کە بەرفراوانە لە پێچی زەرکا تا دەگاتە ئەو شەقامە شەست مەترییەی ئێستا، بە ١٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە سەنتەری سیمێل پارکێک درووست دەکرێت لەگەڵ چاککردنی شەقامەکانی، ھاوکات بەردی بناغەی چاککردنی شەقامی شاریا دادەنرێت کە زۆر کۆن و پڕ ڕووداو بوو لە پێشتردا".

پارێزگاری دھۆک ڕاشیگەیاند: تەواوی ئەو پڕۆژانەی وەستابوون، دەستییان پێ دەکرێتەوە، خزمەتی ھەموو قەزا و ناحیەکان و گوند و ناوچەکان دەکەن بێ جیاوازی .


ئەم بابەتە 10576 جار خوێندراوەتەوە