مەسروور بارزانی : گەشەسەندنی زیاتری كوردستان بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە
پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : گەشەسەندنی زیاتری كوردستان بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە
دووشەممە 16/9/2024، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەردی بناغەی بەندئاوی دوین، لە سنووری پارێزگای هەولێر دانرا.
له ڕێورهسمی دانانی بهردی بناغهی ئهو پڕۆژهیهدا، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ووتارێكی گرینگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پڕۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.
ئهمهش دهقی ووتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه :
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
ئەمڕۆ لەم پێگە مێژووییە لە تەنیشت قەڵای دوین، شوێنەواری مێژوویی سەركردەی كورد سەڵاحەدینی ئەیوبی كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گرینگ و مێژوویی بۆ ئەم دەڤەرە بنێین و بەردی بناغەی بەندئاوی دوین دابنێین.
ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پڕۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.
داوام كردووە هەرچی زووتریش وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕووبارە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەك نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەندئاوە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانمان راسپارد كە بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە شوێنەوارییەكان، قەڵای مێژوویی دوین و چەندین شوێنەواری دیكەی ئەم دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە و ڕێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.
هەروەك دەزانن ئەم سنوورە زۆر زۆر دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری مێژوویی لە چەندین سەردەمی جیاواز. بڕیارمان داوە كە قەرەبووی گونجاوی ئەو برا جووتیارانەمان بكرێت كە بەشێك لە زەوییەكانیان دەكەونە ژێر ئاو یانیش دەبنە محەرەماتی بەندئاوەكە.
بەڕێزان، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە و بە نۆژەنكردنەوە و گرینگیپێدانی ئاسەوارە مێژووییەكان، ئەم دەڤەرە دەبێت بە یەكێك لە گرینگترین ناوەندەكانی گەشتیاری لە رووی سرووشتی و شوێنەواری. هەروەها ئەم بەندئاوە لە ڕووی كشتوكاڵی و سامانی ماسی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كاریگەری زۆری دەبێت.
جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیایەكی خۆماڵی راسپێردراوە كە ئەزموونی باشی لە بواری دروستكردنی بەندئاو بەدەست هێناوە، ئەو توانا ناوخۆیی یانەش جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانمان ئاسانتر دەكات و هەموو جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكیش بۆ ئەم جۆرە كۆمپانیا ناوخۆیی یانە دەخەینە بەردەست تاوەكوو ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەندتر بكەن و كوالێتی كارەكانیان بەرزتر بكەن.
لێرە جێی خۆیەتی كە من دەستخۆشی لە كۆمپانیای (سەنك) و كاك عەبدۆڵڵا بكەم بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كە داویانە لە تەواوكردنی بەنداوی گۆمەسپان، هیوادارم لە ماوەیەكی زوودا بتوانن بەندئاوی (دوین)یش ئینشائەڵڵا درووست بكەن و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان.
ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە كە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی ووشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن بۆ ئەوەی ئەم سرووشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان رابكێشن.
ئاو ئاوەدانییە، ئاوەدانكردن و گەشەسەندنی زیاتری كوردستانیش، بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە. جارێكی دیكە سوپاس بۆ ئەم پڕۆژانە، لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت و تەندرووست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
زۆر سوپاس.
ئەم بابەتە 62717 جار خوێندراوەتەوە