مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای ھەولێر داگیرسێندرا

پەیامی کورد   ...   مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای ھەولێر داگیرسێندرا

لەسەر قەڵای دێرینی ھەولێر مەشخەڵی ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا و سەری ساڵی نوێی ٢٧٢٥ـی کوردی پیرۆز کرا.

ئێوارەی پێنجشەممە ٢٠٢٥.٣.٢٠، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر و پارێزگاری ھەولێر و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و بەرپرسانی لقەکانی ٢ و ١٦ی پارتی و جێگر و یاریدەدەری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوبەرانی گشتی و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوبەرانی فەرمانگەکان و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسانی دیکەی حزبی و خانەوەدە و کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان، لە سەر قەڵایی دێرینی ھەولێری پایتەختی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا کە لەلایەن پارێزگای ھەولێر ڕێکخرابوو مەشخەڵی ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا و سەری ساڵی ٢٧٢٥ـی کوردی پیرۆزکرا.

لە ڕێورەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و ھەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئومێدی خواست نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، ساڵی ھاتنەدی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت و ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت و خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بۆ ھەموو لایەک.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە