ناتۆ پێی وایە ڕەنگە ڕێڕەوی سوالکی ببێتە ناوچەیەکی زیادبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانییەکەدا
پەیامی کورد ... ناتۆ پێی وایە ڕەنگە ڕێڕەوی سوالکی ببێتە ناوچەیەکی زیادبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانییەکەدا
دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین، نیگەرانییەکانی ناتۆ لە ئاسایشی کەرتی سنووری سوالکی نێوان لیتوانیا و پۆڵەندا کە بە یەکێک لە لاوازییە گەورەکانی ناتۆ لە بەرامبەر ڕووسیا دادەنرا، زۆر کەمیکردووە.
دوابەدوای یەکەمین لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٤ کە دواجار بووە هۆی لکاندنی نایاسایی نیمچە دوورگەی کریمە بە خاکی ڕووسیا، ئەندامانی ناتۆ بەتایبەت هاوپەیمانەکانی ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لەڕادەبەدەر نیگەران بوون لە دۆخی ئەمنی خۆیان.
دوای ئەوە، خەمڵاندنە سەرەتایی یەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەگەر بێت و هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین ڕووبدات، ئەوا هێزەکانی ڕووسیا دەتوانن لە ماوەی ٣٦ بۆ ٦٠ کاتژمێردا بچنە ناو شاری تالین پایتەختی ئیستۆنیا و ڕیگا پایتەختی لاتڤیا. خێراییەکی باوەڕپێنەکراو کە توانای هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای سنووردار کرد بۆ ووڵامدانەوەی کاریگەر.
لەو کاتەدا پلاندانەرانی سەربازی و ستراتیژیستەکانی ناتۆ بەتایبەتی نیگەران بوون لە شوێنێکی ستراتیجی: دەروازەی سوالکی کە ناوچەیەکی سنووری بچووک و کەم دانیشتووانە لە نێوان لیتوانیا و پۆڵەندا، لە لایەک هاوسنوورە لەگەڵ بێلاڕووس و لە لایەکی دیکەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی کالینینگراد.
ئەم تێپەڕبوونە تاکە ڕێڕەوی ووشکانییە کە ووڵاتانی باڵتیک بە ووڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ دەبەستێتەوە و لە ئەگەری درووستبوونی ململانێ لەگەڵ ڕووسیا، پێدەچێت بە تۆپخانە لە هەردوو لاوە (بێلاڕووسیا و کالینینگراد، ڕووسیا) بەربکەوێت.
هەروەها پێشبینیش کرابوو کە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا یان بیلاڕووسیا ئەم ڕێڕەوە دابخەن، ناتۆ ناتوانێت لە ڕێگەی ووشکانییەوە هێزی بەهێز بۆ هاوپەیمانەکانی بنێرێت و ناچار دەبێت پەنا بۆ ڕێڕەوی ئاسمانی و دەریایی ببات.
بەڵام ئێستا وا دیارە تێکەڵەیەک لە ڕێوشوێنەکانی ناتۆ کە لە ساڵانی ڕابردوودا گرتوویانە بەر لەگەڵ هەڵەکانی ڕووسیا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی پەڕینەوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە