نامەی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەژدەهەمین ساڵی بەندکرانی

پەیامی کورد    ...   نامەی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەژدەهەمین ساڵی بەندکرانی

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ و مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە ١٧ ساڵی ڕابردوو بەبێ مافی تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران دا تێپەڕ کردووە نامەیەکی ڕوو بە خەڵک بڵاو کردووەتەوە.

لە بەشێکی نامەکەیدا نووسیویەتی: "لەم تاریکییەی زیندانەدا، چاو لەسەر یەک دادەنێم، وێنایەکی کاڵ بووی ژیانی دەرەوەی زیندان لە مێشکمدا هەیە. بیری باوەشە گەرمەکانی دایکم و نیگای خۆشەویستی باوکم و پێکەنینی خوشکەکەم و تەنانەت ڕووگرژییەکانی براکەم دەکەم. بیری خەڵکی خوێن‌گەرم و میواندۆستی کوردستان و گۆرانی کوردی دەکەم. بیری بۆنی گڵ و گوڵ و داربەڕوو و سمۆرەکانی دەکەم. دڵم بۆ کانیاوی ڕوون و ڕووبارەکان و شاخە بەرزەکان و شەوانی پڕ لە ئەستێرەی کوردستان تەنگ بوو و بەو هەموو ناخۆشی و حەسرەتەوە، حەڤدە ساڵ تێپەڕیوە... حەڤدە ساڵ!"

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی دەیم قشلاقی سەر بە شاری ماکۆ و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندی یەزد، سەرەڕای نەخۆشی جۆراجۆر و لەحاڵێکدا کە مەترسی جیددی لەدەستدانی بینایی چاوی لە ئارادایە بە دژایەتی بەرپرسانی بەندیخانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

زەینەب جەلالیان زیاتر لە چوار ساڵە کە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ بەندیخانەی یەزد گواستراوەتەوە و لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکانیان لەو بەندیخانەیە، لە سەرەکیترین مافەکانی بێبەش بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لە ماوەی لێپرسینەوەکەیدا، چەندین جار بەبێ هۆکارێکی ڕوون لە نێوان بەندیخانەکانی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەک، کرمان و یەزد گواستراوەتەوە. 

زەینەب جەلالیان ٧ی ڕەشەممەی ١٣٨٦، لە جاددەی کامیاران_کرماشان دەسبەسەر کرا و سەرماوەزی ٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بەتۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە یەکیک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩١ بە لێبوردن و یەک دەرەجە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە