ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سهرۆكى حکوومەت و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سهرۆكى حکوومەت و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرینگی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چوونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک دایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بوودجەی گشتی عێراق گەیاندووە.
لەلایەن خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جەختی لە گرینگی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ووڵاتەکەی کردەوە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت.
هەر لەم دیدارەدا، دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ووڵاتە.
لە دیدارەکەدا، ستیڤ بیتنەر، کونسووڵی گشتی ئهمریكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون.
ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە