ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وەزیری بەرگری هۆڵەندا
پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وەزیری بەرگری هۆڵەندا
دووشه‌ممه 2024/12/23 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگری هۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆک، وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی هه‌ردوولا ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و ڕاهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرینگی بەردەوامی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیری بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و ستایشی ڕۆڵی هێزە هۆڵەندییەکانی کرد لە ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری هۆڵەندا جەختی لەسەر پابەندی ووڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌دا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی یەزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که، به‌تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و لێکه‌وته‌کانی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
ئەم بابەتە 108 جار خوێندراوەتەوە