ناڕوونی لە ڕادەستکردنی تەرمی بارمتەکانی ئیسرائیل ؛ ئیسرائیل: تەرمی دایکی دوو منداڵە کوژراوەكە لەنێو تەرمە گەڕێندراوەكاندا نەبوو

پەیامی کورد   ...   ناڕوونی لە ڕادەستکردنی تەرمی بارمتەکانی ئیسرائیل ؛ ئیسرائیل: تەرمی دایکی دوو منداڵە کوژراوەكە لەنێو تەرمە گەڕێندراوەكاندا نەبوو

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا کە هەینی ٢١ی فێبریوەری بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە پشکنینی پزیشکی دادوەری دەریدەخات کە تەرمی شێری بیباس دایکی دوو بارمتە منداڵە کوژراوەكە لە نێو ئەو تەرمانەدا نییە کە لە لایەن گرووپی تیرۆریستی حەماس ەوە ڕادەست کراون.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حەماس پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە تەرمی شێری و دوو منداڵەکەی کەفیر تەمەن ٩ مانگ و ئاریل تەمەن ٤ ساڵ و هەروەها ئۆدێد لیفشیتزی گەڕاندووەتەوە بۆ ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سوپای ئیسرائیل، کەفیر و ئاریل بیباس لە نۆڤەمبەری ساڵی2023 لەکاتی دیلبووندا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون. ئەم دۆزینەوانە ئیدیعای تاقمی تیرۆریستی حەماس پووچەڵ دەکەنەوە کە ئەو منداڵانە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان لە کاتی دیبلین دا گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە یەکێک لەو تەرمانەی ڕادەستکراون هی هیچ یەکێک لە بارمتەکان نییە و تا ئێستا ناسنامەکەی نادیارە. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژی نێوان هەردوولا و ئیسرائیلیش حەماسی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا وتی: هیچ وشەیەک ناتوانێت وەسفی ئەم تاوانە بکات. دەشڵێت: "حەماس نەک هەر ئاریل و کەفیر بیباس، منداڵێکی چوار ساڵان و کۆرپەیەکی دە مانگی کوشتووە، بەڵکوو دوای مردنیشیان لە پێشێلکردنی بنەما ئەخلاقییەکان بەردەوامە".

دانۆن دەشڵێت: حەماس لەبری ئەوەی شێری بیباس، دایکی ئەو دوو منداڵە بگەڕێنێتەوە، تەرمێکی نەناسراوی ڕادەست کردووە، وەک ئەوەی بارێکی بێ بەها بێت. "سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی گشتی ناتوانن لە بەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ بن".

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە بێ دوو دڵی ئەو تاوانە مەحکووم بکات و جەختی لەوە کردەوە کە مێژوو ئەوانەی لە بەرامبەر ئەو کردەوە قێزەونانەدا بێدەنگ بوون بە باشی لە بیر ناكات.


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە