نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هات

پەیامی کورد   ...   نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هات

له‌ سه‌ره‌تای بازرگانی ئاسیادا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نرخی نه‌وت دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ پێشبینی ده‌كرا نرخی نه‌وت به‌هۆی زیادبوونی خواسته‌وه‌ به‌رزببێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانووستانه‌كان نرخه‌كه‌ی دابه‌زاند.
به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت ٨٦ سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی ١.٢% دابه‌زیوه‌ و گه‌یشتوه‌ته‌ ٨٦ دۆلار و ٥٤ سه‌نت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، هه‌روه‌ها نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ڕۆژئاوای ته‌كساسی ئه‌مریكا ٧٢ سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی ٠.٨٥% دابه‌زیوه‌ و گه‌یشتوه‌ته‌ ٨٣ دۆلار و ١٦ سه‌نت.

هه‌فته‌ی رابردوو نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆوه‌ و به‌جۆرێك هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ ٩٠ دۆلار نزیك بۆوه‌، شاره‌زایانی بواره‌كه‌ش، هۆكاره‌كه‌یان بۆ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌ وه‌رزی هاوین دا گه‌ڕانده‌وه‌.

دوێنێ نووسینگه‌ی بێنیامین ناتانیاهوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی په‌یوه‌ست به‌ ئاگربه‌ست و ئاڵوگۆڕپێكردنی بارمته‌كان، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.
 
ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ستێكی كۆتایی له‌م هه‌فته‌یه‌دا كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر نرخی نه‌وت درووستكردوه‌.


ئەم بابەتە 23826 جار خوێندراوەتەوە