نهێنییەکی گرینگ سەبارەت بە ئەردۆغان و ئیسرائیل
پەیامی کورد ... نهێنییەکی گرینگ سەبارەت بە ئەردۆغان و ئیسرائیل
رۆژنامەی زەمانی تورکی لەراپۆرتێکدا شیکارییەکی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ڕێگەی سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە دژبەرییەکی گەورە لە نێوان لێدوانی گشتی و سیاسەتە ڕاستەقینەکانی سەرۆکی تورکیادا بەرانبەر بە ئیسرائیل هەیە، بەشێوەیەک هەرچەندە ئەردۆغان لێدوانی دژە ئیسرائیل بۆ ڕای گشتی دەدات، بەڵام کردەوە و سیاسەتە ئابووری و ئەمنییەکانی ئاماژەیە بۆ هاوکاری نزیکی نێوان هەردوو ووڵات.
راپۆرتەکە ئەو بوارانەی ئاشکراکردووە کە تورکیا لەڕێگایەوە توانیویەتی خزمەتێکی گەورە بە ئیسرائیل بکات و نەیارەکانی ئەو ووڵاتە لاواز بکات، ئەوانیش:
ئەو سیاسەتانەی کە زیانیان بە نەیارانی ئیسرائیل گەیاند
دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا، چ لە ڕێگەی پشتیوانیی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت یان دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بەشداری کردووە لە لاوازکردنی ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی، کە ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دا بووە. تێکچوونی سەقامگیری لە سووریا، هەڕەشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر ئیسرائیل لە باکوورەوە کەم دەکاتەوە.
هاوکاری لە بواری وزە
تورکیا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە ئاسایشی ئیسرائیلدا بە دابین کردنی نەوتی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان و هەندێکجاریش لە نەوتی سووریاوە. هەرچەندە تورکیا رایدەگەێنێت کە پشتیوانی حەماس دەکات، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهێز ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان جیاوازییە سیاسییە ئاشکراکان تێدەپەڕێنن.
نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا بەرامبەر یوونان و قوبرس وای لە ئیسرائیل کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ووڵاتانە بەهێزتر بکات. ئەم لێکنزیکبوونەوەیە رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی پلاتفۆرمی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە تورکیا بێلایەن دەکات و کاریگەری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بە تایبەت لە بواری ووزەدا بەرز دەکاتەوە.
کڕینی سیستەمی ئێس 400ی ڕووسی
کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی ئەوەی کە لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 دوور بخرێتەوە، ئەمەش سوودێکی چۆنایەتی بە ئیسرائیل بەخشی لە ناوچەکەدا بەو پێیەی تاکە ووڵاتە خاوەنی ئەم فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووانەیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باڵادەستی ئاسمانی بەو ووڵاتە بەخشی.
پەیوەندییە ئابوورییە گەشەسەندووەکان
سەرەڕای ڕووداوی کەشتی ماڤی مەڕمەڕە لە ساڵی 2010 کە بووە هۆی درووستبوونی گرژی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو ووڵات، بەڵام پەیوەندییە بازرگانییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر نەبوو. بەپێچەوانەوە ماوەی ساڵانی 2010 تا 2022 گەشەیەکی بەرچاوی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەخۆیەوە بینی، بەو پێیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان 3.5 هێندە زیادی کردووە.
لۆبی جوولەکەکان لە ئەمریکا
سەرەڕای ئەو قسە و باسانەی دژ بە ئیسرائیل دەکرێت، ئەردۆغان لە کاتی سەردانەکانیدا بەردەوام لە هەوڵی بەدەست هێنانی پشتیوانی لۆبی جوولەکەکان لە ئەمریکا بووە، ئەمەش دژایەتییەک لە نێوان لێدوانی گشتی و سیاسەتە ڕاستەقینەکاندا نیشان دەدات.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئەم شیکارییە ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل سروشتێکی ئاڵۆزیان هەیە، سەرەڕای گرژییە دیپلۆماسییە ئاشکراکان، ئەو پەیوەدنییە لە دەوری بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکان سەنتەری گرتووە. مەرج نییە خیتابەکانی ئەردۆغان ئاوێنەیەکی وردی سیاسەتە ڕاستەقینەکان بێت، ئەمەش گرینگی تێگەیشتن لەم دینامیکیانە لە شیکردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکان بەهێزتر دەکات.
ئەم بابەتە 33953 جار خوێندراوەتەوە